رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی 32ـی پارک لە هەولێر تەقییەوە، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، کەسێک لە ئۆتۆمبێلەکەدا گیانی لەدەستداوە کە ناوی (هاوکار عەبدوڵڵا رەسوول)ـە و تەمەنی 41 ساڵانە، لە دژەتیرۆی یەکێتی پلەی عەقید بووە.
لەبارەی رووداوەکەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە کە بۆمبێک لەژێر ئۆتۆمبێلی هاوکار عەبدوڵڵا رەسوول دانراوە و بەهۆی ئەو تەقینەوەوە گیانی لەدەستداوە و خوشکەکەشی بریندار بووە.
ئومێد خۆشناو ئاماژە بەوەش دەدات، هاوکار عەبدوڵڵا لە دەزگای دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەفسەر بووە، "پێموانییە کە دەوامەکەی لە هەولێر بووبێت".
شایەتحاڵێک لە نزیک رووداوەکە بە رووداوی گوت، "لە ماڵەوە بووین، گوێمان لە دەنگێکی بەرزبوو، کە چووین بینیمان ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە و کەسێکیش لەنێویدا جێمابوو."بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هاوکار عەبدوڵڵا بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەکێتی بووە لە نەینەوا کە دوای کێشە نێوخۆکانی یەکێتی لە ئەرکەکەی بەردەوام نەبووە.

دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەو بارەوە رایگەیاند، تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی لکێندراوەوە بووە، شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون کە دووانیان ئافرەت و دووەکەی دیکەیشیان منداڵن.
هەروەها پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەش دەدات، "دڵنیایی دەدەین کە دەزگاکانی ئاسایش هۆکار و ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە ئاشکرا دەکەن" و دوای لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکان رادەگەیێنن.
کرێکار رۆستەم، یەکێک لە شایەتحاڵەکانی رووداوەکە بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو گوت، "یەکەمجار ئۆتۆمبێلەکە تەقییەوە و دواتر خۆی بە ستوونی کارەباکەدا کێشا، شۆفێرەکە کوردە و خەڵکی هەولێرە، خوشکەکەی کە لەگەڵی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوو ناوی دەهێنا و دەگریا."
هەر بەپێی گوتەی شایەتحاڵان، ئەو کەسە ژنەکەی، خوشکێکی و دوو منداڵی لەگەڵیدابوون. پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "خوشکەکەی ناوی عائیشەیە و بریندارە، بەڵام دوو منداڵەکەی سەلامەتن."

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ