رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (مێری) رۆژی سێشەممە دیداری ساڵانەی خۆی بۆ دوو رۆژ لە هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو دەستپێکرد.
سیاسەتڤانانی نێودەوڵەتی، بەرپرسە هەرێمییەکان و ئەکادیمییەکان دوو رۆژ گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییە گرنگەکانی سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن.
ئەمڕۆ چەند پانێڵێک بەڕێوەچوون، تێیاندا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی بە جیا قسەیان کرد.
هەروەها لە یەکەم رۆژی دیداری مێری لە هەولێر، پانێڵێک بە ناونیشانی "هاوبەشی و پێشکەوتن: بەرپرسیارەتی عێراق بەرانبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" بەڕێوەچوو. تێیدا فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ ئەلیسیا ریکۆ، باڵوێزی ئیسپانیا لە عێراق و کلێمێنس سێمنتەر، باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق قسەیان کرد.
پانێڵێکی دیکە لەژێر ناونیشانی "لەنێوان فرەجەمسەری و وردەجەمسەریدا: نەخشەی گۆڕاوی هێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"دا، بەڕێوەچوو. شارەزایانی لە ئێران، ئیمارات، ئەمریکا و هێزە هەرێمییەکانی دیکە کۆکردەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت. ئایا بەرەو سیستمێکی فرەجەمسەریی پارچەپارچە، یان بەرەو جەمسەری بچووکتر "وردەجەمسەری"، یان تێکەڵەیەک لە هەردوو بابەت.