گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی گەورەترین ئاهەنگی بانگەشەی پارتی لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەچوو. لە ئاهەنگەکەدا نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی بەشدار بوون. هەروەها سەرجەم بەربژێرانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادە بوون.
 
دەیان هەزار لایەنگری پارتی لە ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای هەولێرەوە چوونە یاریگاکە. پەیامنێرانی رووداو رووماڵی ئاهەنگەکەیان کرد و لەگەڵ جەماوەری پارتی قسەیان کرد، بەشێک لە لایەنگرانی پارتی لە بەیانیی زووەوە چووبوونە یاریگەکە بۆ دەربڕینی پاڵپشتی بۆ حیزبەکەیان.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی گوتاری سەرەکیی کەرنەڤاڵەکەی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "پەیامی ئەوەمان پێگەیشتووە کە بەهۆی ئەم هەڵبژاردنەوە رێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق دروستتر دەبێت." هەروەها گوتی، گرنگە لە عێراق چاکسازی بکرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی گوتی، "پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا سەنگی پارتی پێشانی هەموو لایەک بدرێت و جەماوەری پارتی بە دەنگدانیان وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە لە خەیاڵدان."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "مادەی 140 لەبیر ناکرێت و دەستبەرداری نابین،" هەروەها "دانیشتووانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە دڵی ئێمەدان."