ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە: بە تانک و چەکی قورس سڤیل دەکرێنە ئامانج

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
دیمەنێکی شەڕەکە
دیمەنێکی شەڕەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بە تانک و چەکی قورس، سڤیلەکان دەکاتە ئامانج و دەشڵێت: "سێ رۆژە چەتەکان هەنگاوێکیش پێشڕەوییان نەکردووە."
 
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، میوانی بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی رووداو بوو. هەڵسەنگاندنی لەبارەی دوایین زانیاریی لەبارەی پێشهاتەکانی شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە-ی حەلەب خستەڕوو.
 
هێڤین سلێمان رایگەیاند، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامە. بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیووە لەم سێ رۆژەدا کۆنترۆڵی هەردوو گەڕەکەکە بکەن، دەستیان بۆ بەکارهێنانی چەکی قورس بردووە.
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە گوتی: "بە تانک و چەکی قورس سڤیلەکان دەکرێنە ئامانج. بەهۆیەوە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە زیادبووندایە. دۆخێکی زۆر سەخت لە هەردوو گەڕەکەکەدا هەیە. بەم هەموو چەکە و هێرشە چڕانە دەیانەوێت کۆمەڵکوژی لەم گەڕەکانەدا ئەنجام بدەن."
 
هێڤین سلێمان ئەوەشی خستەڕوو، هێزە چەکدارەکان دەیانەوێت هەردوو گەڕەکەکە چۆڵ بکرێن. لەپاڵ ئەمەشدا هێرش دەکرێتە سەر نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان.
 
هێڤین سلێمان، لە رێگەی رووداوەوە بانگەواز بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و وڵاتان کرد کار بکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە هێور بکرێتەوە و گوتی: "دەمانەوێت هەمووان گوشار بکەن بۆ راگرتنی هێرشەکان. دەمانەوێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن."
 
سەبارەت بە بەرپەرچدانەوەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب بۆ هێرشەکان گرووپە چەکدارەکانەوە، هێڤین سلێمان گوتی: "تانکی قورس دژی دوو گەڕەکی بچووک بەکاردەهێندرێن. تاوەکو ئێستا کەس نەیتوانیوە بچێتە ناو گەڕەکەکانەوە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکەدا بەرگری دەکەن. لە بەرامبەردا سێ ڕۆژە چەتەکان هەنگاوێکیش پێشڕەوییان نەکردووە."
 
لە دوایین پەیامی دا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە رایگەیاند، "ئێستا کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت. سڤیل و منداڵان بێ هۆکار دەکوژرێن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە