رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژی لەسەر یەکە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوامە. پزیشکێک لە نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسوود دەڵێ: "20 کەس شەهید و 75ی دیکە بریندار بوون." نێردەی ئەمریکاش بۆ سووریا دەڵێت: "دەبێت داهاتووی حەلەب بە ئاشتی دیاری بکرێت، نەک تووندوتیژی."
نەخۆشخانەی خالید فەجر بۆردوومان کرا
وەلات مەعمۆ، ئەندامی سەندیکای تەندروستی لە شێخ مەقسوود بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چواردەوری نەخۆشخانەی خالید فەجر بە سەختی بۆردوومان دەکرێت."
مەعمۆ، کاژێر 7:30ی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، لەکاتی قسەکانیدا گوتی: "ئەوە مووشەکێکیان لە نەخۆشخانەی خالید فەجر دا."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەندیکای تەندروستی لە شێخ مەقسوود، خزمەتگوزارێکی نەخۆشخانەکە گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکە بریندار بوون کە یەکێکیان پەرستارە.
پزیشکێک: 20 کەس شەهید و 75 کەس برینداربوون
عەبدولقادر حسکۆ، پزیشکە لە نەخۆشخانەی خالید فەجری گەڕەکی شێخ مەقسوود، لەبارەی هێرشەکانەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "20 کەس شەهید و 75 کەس برینداربوون."
ئەو پزیشکە گوتی: "ئێوارەی ئەمڕۆ بە چەکی جۆری ئاڕ پی جی هێرشکرایە سەر نەخۆشخانەکەمان و بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی سڤیل شەهید بوو و کەسێکی دیکەش برینداربوو کە برینەکەی سەختە."
ئەو پزیشکەی نەخۆشخانەی خالید فەجر داوای هاوکاری بەپەلە دەکات و گوتی، "پێویستییەکی زۆرمان بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەیە و هەروەها پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریشمان پێویستە."
ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە: بە تانک و چەکی قورس سڤیل دەکرێنە ئامانج
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەڵێت، "هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامە. بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە لەم سێ رۆژەدا کۆنترۆڵی هەردوو گەڕەکەکە بکەن، دەستیان بۆ بەکارهێنانی چەکی قورس بردووە. "
هێڤین سلێمان گوتی: "بە تانک و چەکی قورس سڤیلەکان دەکرێنە ئامانج. بەهۆیەوە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە زیادبووندایە. دۆخێکی زۆر سەخت لە هەردوو گەڕەکەکەدا هەیە. بەم هەموو چەکە و هێرشە چڕانە دەیانەوێت کۆمەڵکوژی لەم گەڕەکانەدا ئەنجام بدەن."
ساڵح موسلیم: چەکدارە جیهادییەکانیان کۆکردوونەتەوە و هێناویانەتە سەر دوو گەڕەکی کوردنشین
ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) لەبارەى گرژى سێ رۆژەى دوو گەڕەکە کوردنشینەکەى حەلەب رایگەیاند، کە ئەمە یەکەمجار نییە بەرگریی دەکەن و لە 2012وە لە بەرگریدان و لە دۆخی زۆر خراپتریشدا توانیویانە خۆیان بپارێزن.
ساڵح موسلیم، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "رێککەوتنەکانی 10ی ئازار و 1ی نیسان دەری دەخەن کە ئەمانە پابەندی بەڵێنەکانیان نابن و هەر کاتێک دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت هێرش دەکەن."
ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی ئاماژەی بەوەکرد: "مەبەستی ئەم شەڕە تێکدانی رێککەوتنەکەیە، ئێمە تێکی نادەین، چونکە لە بەرژەوەندی سووریا دایە. دەبێت ئەمریکا و بەریتانیا وەک وڵاتانی گەرەنتیکار خاوەنداری لەم رێککەوتنە بکەن."
هاوسەرۆکی مەسەدە: چاوەڕوان دەکرێت ململانێکان بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەتی کاتییەوە زیاتر ببن
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)، لەبارەی رووداوەکانی ئێستای حەلەب رایگەیاند، سووریا بە قۆناخێکی نوێ و هەستیاردا تێدەپەڕێت. ئاماژەی بەوە کرد "بەئامانجگرتنی گەڕەکەکان و راگەیاندنی شەڕ دژیان، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەموو سووریا.
لەیلا قەهرەمان رایگەیاند، "ئەوەی روودەدات شتێکی لەپڕ و کاتی نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی گوشار و هێرشە بەردەوامەکاندایە، سەرەڕای ئەو بەرگرییەی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە لە سەرەتای تەنگژەی سووریاوە تاوەکو ئەمڕۆ نیشانیان داوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "وڵات [سووریا] شاهیدی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی رێبازی ستەمکارییە بەرامبەر بە پێکهاتە جیاوازەکان" و جەختی کردەوە کە گەلی کورد پێکهاتەیەکی رەسەن و بەشێکی دانەبڕاوی پێکهاتەی نیشتمانیی سووریایە.
جەختیشی کردەوە کە "ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین و بە بیانووی پووچ ئەنجام دەدرێن."
پەرلەمانتارێکی سوێد بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی: "ئەو هێرشە وەحشیگەرانەیە رابگرن"
پەرلەمانتارێکی سوێد نامەیەک لەبارەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەنێرێت و داوا دەکات، " حکومەتی سوێد دەمودەست جووڵە بکات و ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی شام هەیەتی بەکاری بهێنێ بۆ ئەوەی ئەو هێرشە وەحشیگەرانەیەی سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود رابگرن."
قادر کاسرگا، پەرلەمانتاری سوێد، میوانی بووڵتەنی رۆژاڤای تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی نێوەڕۆکی نامەکەیەوە قسەی کرد و گوتی: " ئێمە ئەمڕۆ وەکو پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات لە هەوڵداین کە دەوامی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە و ئەو مژارە بکەینە رۆژەڤی پەرلەمان و حکومەتیش."
کاسرگا گوتی: "دەبێ لایەنێکی سیاسی و دیپلۆماسی دەستوەردان بکات، ئێمە هەوڵدەدەین ئەوە ئێستا روودەدات ببەینە پەرلەمان و بیکەینە رۆژەڤ. داوا لە حکومەتی سوێدیش دەکەین لە رێگەی یەکێتیی ئەورووپا و هێزەکانی هاوپەیمانیەوە، کاریگەرییان لەسەر حکومەتی دەسەڵاتداری ئێستای سووریا هەبێت."
ئاسایشی حەلەب: 9 چەکداری دیمەشق کوژران و دوو زرێپۆش تێکشکێنران
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) نوێترین زانیارییەکانی شەڕی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کاتی هەوڵدان بۆ پێشڕەوی، دوو زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق تێکشکێنراون و 9 چەکداریان لێ کوژراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 08-01-2026، بڵاویکردەوە هاتووە، لە کاتێکدا گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هەوڵی پێشڕەوییان دەدا بۆ نێو گەڕەکەکان، رووبەڕووی بەرگرییەکی تووند بوونەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە: "هێزەکانمان دوو زرێپۆشیان بەو کەسانەی تێیدا بوون تێکشکاندووە." ئاسایش پشتڕاستی کردەوە کە تاوەکو ئەم ساتە لەم پێکدادانەدا "9 چەکدار"ـی سوپای عەرەبیی سووریا کوژراون.
142 هەزار کەس ئاوارە بوون
ئاسایشی حەلەب جەخت دەکاتەوە کە شەڕ و پێکدادان بەردەوامە و هێزەکانیان "بەرگرییەکی پاڵەوانانە" دەکەن، لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر بەردەوامە لە هێرشکردن بە تانک، تۆپ و درۆن.
بەپێی لیژنەی وەڵامدانەوەی حەلەب، 142 هەزار کەس ئاوارە بوون.
عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب هەڕەشەی کرد کە "ئەم تاوانانە بێ وەڵام تێناپەڕن" و هەسەدەی بە "بەکارهێنانی خەڵک وەک قەڵخان" تۆمەتبار کرد.
مەزڵووم عەبدی: ئەوەی لە حەلەب دەکرێت زەوینەسازییە بۆ گۆڕینی دیموگرافیی مەترسیدار
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی حەلەب رایگەیاند: "بەردەوامبوون لەسەر رێگەی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری تاکلایەنە، شتێکی قبووڵکراو نییە، ئەم شێوازە پێشتریش لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا بووە هۆی کۆمەڵکوژی."
مەزڵووم عەبدی دیمەشق بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە کاتی گفتوگۆکاندا هێرشی کردووە و دەڵێت: "بڵاوکردنەوەی تانک و تۆپخانە لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب، بۆردوومانکردنی سڤیلە بێچەکەکان و ئاوارەکردنیان، هەروەها هەوڵدان بۆ هەڵکوتانە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دانوستاندندا، دەرفەتەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەنێودەبات."
حکومەتی سووریا: کورد هاوبەشی رەسەنی نیشتمانن
حکومەتی سووریا لە زنجیرەیەک لێدواندا سەبارەت بە دۆخی حەلەب رایگەیاند: "بە روونی دووپاتیدەکەینەوە کە کورد پێکهاتەیەکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریایە و دەوڵەت وەک هاوبەشی تەواو لە نیشتمان سەیریان دەکات، نەک وەک لایەنێکی جیابووەوە یان دۆخێکی نائاسایی."
حکومەتی دیمەشق بانگەشەی ئەوە دەکات، دەوڵەت ئەرکی پاراستنی ئاوارە کورد و عەرەبەکانی لە ئەستۆ گرتووە و پەناگەی بۆ دابین کردوون.
حکومەتی سووریا هۆکاری هەڵکشانە سەربازییەکانی خستە ئەستۆی هێزەکانی سووریای دیموکرات و رایگەیاند: "ئەم پشێوییە ئەنجامی راستەوخۆی پێشێلکردنی (رێککەوتنی 1ـی نیسان)ـە لەلایەن رێکخراوی هەسەدەوە، کە بووە هۆی تێکدانی لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو."
"دەبێت چەکدارەکان شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە چۆڵ بکەن"
حکومەتی دیمەشق دەڵێت: "بە روونی داوای دەرکردنی هێزەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکەین و دەبێت کۆتایی بەم دۆخە سەربازییە بهێنرێت." جەختیشی کردەوە کە تاکە رێگە بۆ سەقامگیری "گەڕانەوەی دەسەڵاتی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتە و چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت قبووڵ ناکرێت."
دۆخی حەلەب دوای راگەیاندنی "قەدەخەی هاتووچۆ" و ناساندنی گەڕەکە کوردنشینەکان وەک "ناوچەی سەربازی" لەلایەن سوپای سووریاوە، گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە.
قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی لە 6 گەڕەک
فەرماندەیی ئاسایشی نێوخۆی پارێزگای حەلەب لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەم ئێوارەیەوە تاوەکو کاتێکی نادیار، قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی لەم گەڕەکانە جێبەجێ دەکرێت: ئەشرەفییە، شێخ مەقسوود، بەنی زەید، سریان، هلک و مەیدان.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئامانج لەم بڕیارە "پاراستنی سەلامەتیی دانیشتووان و کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی و رێگریکردنە لە هەر پێشێلکارییەک کە مەترسی لەسەر گیان و ماڵی خەڵک دروست بکات."
فەرماندەییەکە هۆشداری داوە، "لە ماوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا، بە تەواوی هەموو جۆرە هاتووچۆیەک لە نێو ئەو گەڕەکانە قەدەخەیە و هیچ جیاوازییەک ناکرێت."
پارێزگاری حەلەب: ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی هەسەدە لە گەڕەکە کوردییەکان جیابوونەتەوە
عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب لە راگەیێندراوێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە "ژمارەیەکی زۆر"ی ئەندامانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، لە هێزە ئەمنییەکە جیابوونەتەوە یان هەڵاتوون، لە کاتێکدا ئاسایشی خۆسەر ئەو هەواڵانە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانیان پێگەکانیان بەرنەداون.
عەزام غەریب باس لەوە دەکات کە، هێزە ئەمنییەکانی سووریا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بچنە نێو ئەو دوو گەڕەکەوە تاوەکو "بە تەواوی ئاسایشیان بپارێزن و رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بدەن".
پارێزگاری حەلەب دەڵێت: "بەهۆی سوپای عەرەبیی سووریا و هەوڵەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ئارامی و هاوکاریی خەڵکەوە، قۆناخێکی تاریک لە حەلەب بەرەو کۆتایی دەچێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە شارەکە "هەنگاوێکی نوێ بەرەو ئاسایش و سەقامگیری دەنێت."
بەرپرسەکەی سەر بە دیمەشق داوای لە دانیشتووان کرد پابەندی رێنماییەکان بن و پەلە نەکەن لە گەڕانەوە تاوەکو شەڕ تەواو دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە گەڕانەوەی خەڵک لەڕێگەی راگەیێندراوی فەرمییەوە رێکدەخرێت.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا: بەپەلە شەڕی حەلەب رابگرن
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی حەلەب، بانگەوازێکی "بەپەلە" ئاراستەی دیمەشق و هەسەدە دەکات بۆ راگرتنی شەڕ. باراک نهێنییەک ئاشکرا دەکات و دەڵێت، هەفتەی رابردوو لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک بوون، هاوکات باس لە گفتوگۆی "مێژوویی" نێوان سووریا و ئیسرائیل دەکات.
تۆم باراک دەڵێت: "بانگەوازێکی بەپەلە ئاراستەی سەرکردایەتیی حکومەتی سووریا، هەسەدە، دەسەڵاتە خۆجێیەکان لە ناوچە کوردییەکان و هەموو لایەنە چەکدارەکان دەکەین: کارە دووژمنکارییەکان راگرن و دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکەنەوە."
رێککەوتنی 10ـی ئادار و نهێنیی هەفتەی رابردوو
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان لە قۆناخی کۆتاییدا بووە و دەڵێت: "تەنیا لە هەفتەی رابردوودا، ئێمە لەسەروبەندی سەرکەوتنی کۆتاییهێنان بووین بە رێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی 10ـی ئاداری 2025 لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا." باراک دەڵێت، ئەو رێککەوتنە هێشتا دەکرێت جێبەجێ بکرێت.
گفتوگۆی سووریا و ئیسرائیل
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، تۆم باراک پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆ لەنێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤ هەبووە و دەڵێت: "ئەو گفتوگۆ گرنگانەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل ئەنجامدران، هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەن بەرەو ئاشتییەکی هەرێمیی فراوانتر."
دیدگەی ئەمریکا بۆ پێکهاتەکان
باراک جەختی کردەوە کە دیدگەی ئەمریکا بۆ سووریا بریتییە لە دابینکردنی مافی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی، لەوانە: "سوننە، کورد، درووز، کریستیان و عەلەوی."
لە کۆتاییدا هۆشداری دا لە "هێزە دەرەکییە تێکدەرەکان و بریکارەکانیان" کە دەیانەوێت دەستپێشخەرییەکانی سەرۆکی ئەمریکا تێکبدەن و گوتی: "پەڕە نوێیەکەی سووریا بۆ هاوکارییە، نەک ململانێ."
ئەندامێکی کۆنگرێس: بەهێزترین ئامرازمان گفتوگۆی سەرۆک ترەمپە
ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند، "من زۆر دژی ئەو هێرشانەم لە سووریا. من هیواداربووم کە حکومەتی نوێی سووریا ئاشتییەکی زۆر زیاتر بۆ خەڵکەکە بهێنێت. هیوادارم کە کاردانەوەی تووندیان هەبێت دژی ئەم هێرشانە."
دۆن بەیر، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، "دەبێت بە یەکسانی و بە پارێزراوی مامەڵە لەگەڵ هەموو گرووپەکانی کۆمەڵگە بکرێت. نابێت هیچ کەسێک بکرێتە ئامانج، جا کورد بن، جوو بن، موسڵمان بن یان هەر گرووپ و پێکهاتەیەکی دیکە."
لەبارەی داواکاریی ئەو کۆنگرێسمانە لە وڵاتەکەی لەسەر رووداوەکانی حەلەب گوتی: "بەهێزترین ئامراز کە هەمانە و دۆناڵد ترەمپ بەردەوام بەکاری دەهێنێت، گفتوگۆکردنە لەگەڵ سەرکردەکان. نەک هەڕەشەکردن لێیان، بەڵکو هاندانیان بەوەی کە ئەگەر دەیانەوێت دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بن، دەبێت بەها مرۆییە راستەقینەکان جێبەجێ بکەن لە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خەڵکی خۆیان. هیوادارم ئێمەش هەمان شت بکەین."
ستیڤان دووژاریک بۆ رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆدایە
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی رووداوەکان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود قسەی بۆ نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە واشنتن کرد و لەبارەی گفتوگۆ کردن لەگەڵ حکومەتی سووریا گوتی: "پەیوەندییەکان لە رێگەی نووسینگەی نێردەی تایبەتەوە بەڕێوەدەچن، ئەوان لە پەیوەندیدان لەگەڵ حکومەت، هەسەدە و هەر لایەنێکی دیکەش کە پێویست بێت کاریان لەگەڵدا بکرێت. من ناو یان ئاستی پەیوەندییەکانم لا نییە، بەڵام دەزانم کە هەوڵەکان بەردەوامن."
دووژاریک گوتی: "پێموایە سکرتێری گشتی [ی نەتەوە یەکگرتووەکان] هەمیشە ئامادەیە لە گونجاوترین کاتدا پەیوەندی بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ