نرخی سەگی پشدەر دەگاتە 50 هەزار دۆلار

08-02-2018
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن سەگ
A+ A-

رووداو- هەولێر

هێرش بەدرەدین، خاوەنی پڕۆژەیەكی بەخێوكردنی سەگە لە شارۆچكەی مەلائۆمەری نزیك هەولێر. بە گوتەی خۆی ساڵانە 50 هەزار دۆلاری لە فرۆشتنی سەگی خۆماڵی و بیانی دەستدەكەوێ‌.

هێرش جگە لە سەگی پشدەر كە خۆماڵییە، سەگی بیانی لە جۆری جێرمەن شیبرد و روت وایلەر بەخێو دەكات. تەنیا مانگی رابردوو 12 بەچكەی لە بەرهەمی جێرمەن شیبرد فرۆشتووە، كە نرخی یەك بەچكە لەو جۆرە سەگە بە گوێرەی جوانییەكەی لە نێوان 1200 تاوەكو 1800 دۆلارە.

خەریكە بەخێوكردنی سەگ لە كوردستان لە ئارەزووەوە دەبێتە بازرگانی. بەهۆی ئەو داواكارییە زۆرەی لەسەر سەگ هەیە، چەند كێڵگە و پێشانگایەكی تایبەت بە بەخێوكردن و فرۆشتنی سەگ كراونەتەوە.

بیرۆكەی بەخێوكردنی سەگ بۆ قازانج لەلایەن هێرشەوە بۆ حەوت ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سەرەتا بەبەخێوكردنی سەگی پشدەر دەستی پێكرد، دواتر سەگی بیانیشی بەخێوكرد. هێرش دەڵێت: "نرخی سەگی پشدەر جیاوازە لەگەڵ سەگی جێرمەن شیبرد و روت وایلەر، بەچكەی پشدەرمان بە 8 هەزار دۆلار فرۆشتووە، ئەگەر جوانیش بێت 10 تاوەكو 12 هەزاریش دەكات".

بە گوتەی هێرش، سەگی پشدەر لەلایەن فارس و توركەكانەوە داواكارییەكی زۆری لەسەرە. هێرش گوتی: "نرخی سەگێكی پشدەر ئەگەر باش بێ‌ و گەورە بێ‌ دەگاتە 50 هەزار دۆلار".

ئێستا لە كوردستان چەند پێشەنگایەكی تایبەت بە فرۆشتنی سەگ كراونەتەوە كە جگە لە سەگی خۆماڵی، سەگی ئۆكرانی، رووسی، سربی و بیلارووسی دەفرۆشن.

ئەو سەگانەی هاوردە دەكرێن دوو جۆرن، سەگی بچووكی ناوماڵ لە جۆرەكانی شیدزو، چاوچاو، بومرینیان، تریال مالتیز، لولو فۆكس، جۆرێكی دیكەشیان بۆ جوانی و پاسەوانی لە دەرەوەی ماڵ و كێڵگە و باخەكان بەخێودەكرێن كە بریتین لە جۆرەكانی جێرمەن شیبرد، روت وایلەر، بلدوك، مالینو، لابرادور، دوبرمان، گۆلدن ریتریفر، بیتبول، هاسكی.

ئەحمەد موفەق، خاوەنی پێشانگای ڤیڵا بۆ كڕین و فرۆشتنی سەگ و پشیلە لە شاری هەولێر، دەڵێت: "هەموو جۆرە سەگێك كڕیاری تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام لەنێو سەگە بچووكەكان سەگی جۆری بومرینیان، تریال مالتیز و چاوچاو بەرناكەوێت، ئەگەر جوان بێت ژنان و گەنجان بەهەر نرخێك بێت دەیكڕن، بۆ پاسەوانی و جوانیش، سەگی جێرمەن شیبرد، روت وایلەر، دوبرمان ، مالینو لە كوردستان خواستێكی زۆریان لەسەرە".

ئەحمەد موفەق باسی نرخی سەگەكانی پێشانگاكەی دەكات و دەڵێت: "سەگی جۆری بومرینیان نرخی 1400 - 2100 دۆلارە، نرخی سەگی تریال مالتیز كە بەرهەمی ناوخۆ بێ‌ 100-500 دۆلارە، بەڵام بیانییەكەی بە 1200 دۆلارە، سەگی چاوچاوی چینی بە 1000 - 2500 دۆلارە. جێرمەن شیبرد بەگوێرەی زیرەكی و رەنگ و جوانی و رەسەنی و پتەویی جەستەی بە 1400 – 6000 دۆلارە، روت وایلەر بە 1000- 2500 دۆلارە، هەروەها دۆبرمان و مالینوش بە 700 - 1800 دۆلارن". 

پێشتر ئەحمەد، لەڕێی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە سەگی هاوردە دەكرد، بەڵام دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی كوردستان لەلایەن بەغداوە، ئێستا لە رێگەی توركیاوە هاوردەیان دەكات. ئەحمەد دەڵێت: "ئێستا خەرجیی هاوردەكردنی هەر سەگێك نزیكەی 120 دۆلار زیاتر بووە، بۆ نموونە پێشتر سەگێك لە ئوكرانیاوە بە 45 دۆلار دەگەیشتە دەستمان لە هەولێر، ئێستا 100 دۆلار كرێی فڕۆكە تا توركیا دەدەین، لەوێش 75 دۆلار دەدەین تاوەكو هەولێر".

60%ی ئەو سەگانەی ئەحمەد هاوردەیان دەكات لە شارەكانی عێراق ساغیان دەكاتەوە. ئەو دەڵێت: "لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زۆرترین خواست لەسەر سەگ لە پارێزگای سلێمانییە، دوای ئەو دهۆك، پاشان كەركووك و هەولێر. سەبارەت بە شارەكانی عێراق، تەنیا لە نەجەف و كەربەلا خواست لەسەر سەگ كەمە، ئەگینا لەسەرجەم شارەكانی عێراق باشە".

قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر بازاڕی سەگ هەبووە. ئەحمەد دەڵێت: "پێشتر لە فرۆشتنی سەگێك 300 دۆلارم قازانج دەكرد، ئێستا 50 دۆلار قازانج دەكەم".

زیادبوونی خواست لەسەر بەخێوكردنی سەگ هانی پزیشكانی ڤێتەرنەری داوە، نۆرینگەی تایبەت بە پشكنین و چارەسەركردنی سەگ و پشیلە بكەنەوە.

دكتۆر مستەفا محەممەد زەكی، خاوەنی نۆڕینگەی فێترنەری بلو ئوبال لە هەولێر، دەڵێت "ماوەی چەند ساڵێكە بەخێوكردنی سەگ لە هەولێر پەرەی سەندووە، زۆرتر عەرەب و مەسیحی و بیانییەكانی كوردستان بەخێوی دەكەن، هەروەها بووەتە خولیا لەلای هەندێك گەنجی كوردیش".

دكتۆر مستەفا محەممەد كە بەڕێوەبەری كەرەنتینی هەولێریشە، هەروەها دەڵێ "بەپێی ئەو داتانایەی لەبەردەستمانن، دەتوانین بڵێین بە بەراورد بە سێ‌ ساڵی رابردوو، راگرتن و بەخێوكردنی سەگ لەهەولێر بەرێژەی 25% زیادی كردووە".

بەگوێرەی رێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەموو كەسێك دەتوانێ سەگ هاوردە بكات، بەمەرجێك سەگەكە كارتی پزیشكیی هەبێت و كوترابێ‌ و تووشی نەخۆشیی هاری نەبووبێ.
دكتۆر مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێترنەری هەولێر، دەڵێت: "ساڵانە ژمارەیەكی زۆر سەگ هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، بەشێكیان بەشێوەی فەرمی دێن و بەشێكی دیكەشیان بە قاچاخ، بۆیە داتایەكی وردمان لەسەر هاوردەكردنی سەگ نییە".

گوتیشی: "ئەو سەگانەی كە راهێندراون بۆ شەڕ و دۆزینەوەی چەك و ماددە بێهۆشكەرەكان، تەنیا بە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ رێگە بەهاوردەكردنیان دەدەین، ئەو سەگانەشی بۆ جوانی هاوردە دەكرێن، ئەگەر نەخۆش نەبن و كارتی پزیشكییان هەبێ‌ رێگەیان پێدەدەین، بەڵام ئەگەر كەسێك ژمارەیەكی زۆر سەگ هاوردە بكات، ئەوە دەبێ‌ كۆمپانیای هەبێ‌".

وەزارەتی كشتوكاڵ هیچ ئامارێكی نییە بۆ ژمارەی سەگ لە هەرێمی كوردستان، بەڵام دكتۆر مامەند پێشبینی دەكات نزیكەی 5 هەزار سەگ لە سنووری شاری هەولێر هەبن.

دكتۆر مامەند دەڵێت "سەگە بەرەڵاكانیش جۆری نایابیان تێدایە، بۆیە ژمارەیەكیان لەلایەن خەڵك و رێكخراوەكانەوە بردراون بۆ ئەمریكا، رووسیا، فەرەنسا، ئێران و توركیا".

سەگە بەرەڵاكانی كوردستان زیرەكن

ئەحمەد مۆفەق، خاوەنی كۆمپانیای ڤیلا بۆ هاوردەكردنی سەگ و پشیلە دەڵێت: "سەگی كوردستان لەو سەگانەی بۆ پاسەوانی هاوردە دەكرێن باشترن، چونكە مێشكێكی باشیان هەیە، زۆر بەخێرایی راهێنان وەردەگرن و ئازان، هەروەها وەفایان بۆ خاوەنەكەیان زیاترە".

 ئەحمەد بەڵگە بۆ قسەكانی دێنێتەوە و دەڵێت: "سەگێكی بەرەڵام بۆ ئەمیر خالید برد لە بەغدا كە راهێنەرێكی بەناوبانگی سەگە. لەگەڵ سەگێكی پۆلیسی راهێنانی پێكرد، دەركەوت ئەوەی هەولێر زۆر باشتر و خێراتر راهێنانەكان وەردەگرێ، هەروەها سەگێكی بەرەڵام بۆ راهێنەرێكی ئەفریقی هێنا، دوو ساڵ بەخێوی كرد، شتێكی نایابی لێدەرچوو".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە