رووداو- هەولێر
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق نەگەیشتووەتە هیچ رێککەوتنێک و چاوەڕێی وەڵامی بەغدا دەکەین.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ رێككەوتنێك لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە بارەی ئەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای بە بازاركردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردەی دەرەوە بكرێت، نەکراوە.
حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە ئەمڕۆ رایگەیاند: "حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی میكانیزمی هەناردەكردنی نەوتەوە رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنی نەوت بە رێگەی كۆمپانیای بە بازاركردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)".
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونیدەكاتەوە، "پێش سێ هەفتە كۆبوونەوەمان هەبووە لە بەغدا، كۆمەڵێك پێشنیاز پێشكەشكران، ئێمە لەو كاتەوە چاوەڕێی وەڵامی بەغدا دەكەین، تاوەكو بەشێوەیەكی نووسراو وەڵاممان بدەنەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەغدا وەڵامی هەرێمی كوردستانی نەداوەتەوە".
سەفین دزەیی رەتیشیدەكاتەوە هیچ شاندێكی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردبێت و هاوكات ئەمڕۆ هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی ئەنجام نەدراوە، تەنیا ئەوە نەبێت بەغدا داوای هەندێ زانیاری كردبوو لە بارەی بودجە و كورتهێنانی بودجەوە، ئێمەش ئەو زانیارییەمان لە رێگەی رێكخەری كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا داوەتە وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەمە لەكاتێكدایە سەفائەدین سافی، وەزیری دارایی عێراق بە وەكالەت، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزارەتی دارایی و شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بەڕێوەچوو و لە دوو رۆژی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان رەوانەی هەولێر دەكرێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ