رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی باران بەردەوام دەبێت و خێرایی با چالاک دەبێت. کەشناسێکیش دەڵێت، رۆژی چوارشەممە چەقی بارانبارینی ئەم هەفتەیە دەبێت و لە تەواوی شارەکان، باران دەبارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (دووشەممە) بارانبارین زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان؛ لە سەنتەری شارەکانیش دهۆک و هەولێر بەراورد بە سلێمانی و هەڵەبجە بارانی زیاتریان لێ دەبارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە، لە 24 کاژێری هاتوودا رێژەی بارانبارین بەمشێوەیە بێت؛ پارێزگای دهۆک 4 بۆ 8 ملیمەتر، هەولێر و دەوروبەری 2 بۆ 4 ملیمەتر، ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین 4 بۆ 8 ملیمەتر، شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، 1 بۆ 4 ملیمەتر.
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی رایگەیاندووە، باران بەردەوام دەبێت و لە بەیانیدا لێزمەباران، هەورەبرووسکە و رەشەبا دەبێت؛ بارانی سبەی زیاتر دەبێت لە ئەمڕۆ.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، سبەی لە شەودا شەپۆلێکی نوێی بارانبارین تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و رۆژی چوارشەممە کە پێشبینی دەکرێت یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بێت، چەقی شەپۆلەکەیە.
بە گوتەی ئاراس جەبار، رۆژی چوارشەممە لە شارە جیاکان ''بارانی باش" دەبارێت و لە هەندێک ناوچە تەرزەش دەبارێت. گوتیشی، "چوارشەممە بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما نزیکەی شەش پلە دادەبەزێت، دۆخەکە تاوەکو ئێوارەی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و لە شەوەکەی بۆ رۆژی هەینی کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 26 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 24 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 23 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 23 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 29 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 20 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 10 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 32 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ