نەوتی نێوەڕاست و باشووری عێراق بۆ هەناردەکردن لە رێگەى بۆری هەرێمى کوردستانەوە گەیێندرایە کەرکووک

08-04-2026
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەوتی نێوەڕاست و باشووری عێراق گەیێندرایە وێستگەیەکی کۆمپانیای نەوتی باکوور، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێ.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە دەستی کەوتوون، تەنکەرەکانی گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، درەنگانی شەوی رابردوو گەیشتنە وێستگەی (کەی وەن) لە کەرکووک.
 
گواستنەوەی ئەو نەوتە بۆ ئەوەیە لەگەڵ نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکرێ.
 
پلانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەو جۆرەیە رۆژانە 90 هەزار بەرمیلی کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بە تەنکەر بگوازێتەوە کەرکووک و لەوێوە هەناردە بکرێ.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت: "ئەو بڕە نەوتەی شەوی رابردوو گەیشت لە 90 هەزار بەرمیلەکە کەمترە. گەیاندنی ئەو 90 هەزار بەرمیلە پێویستی بە ئامرازی گواستنەوەی زیاترە. کۆگاکانی کەی وەن لە یەک کاتدا دەتوانن نەوتى 18 تەنکەری 36 هەزار لیتری وەربگرن."
 
23 کۆگای نەوت لە وێستگەی (کەی وەن) هەن، بەڵام ئێستا 13 کۆگەیان کاران کە دەکرێ تاوەکو یەک ملیۆن بەرمیل نەوتیان تێدا کۆگا بکرێ. 
 
بەرپرسەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند، پێویستە ئەو نەوتەی لە نێوەڕاست و باشوورەوە دەگاتە کەرکووک کۆگا بکرێ و نزیکەی 10 بۆ 12 کاژێر بهێڵدرێتەوە بەر لەوەی دەست بە هەناردەکردنی بکرێ، ئەوەش بۆ پاککردنەوەی لە ئاو یان هەر مادەیەکی دیکە کە ئەگەری هەیە کواڵیتی نەوتەکە تێکبدات.
 
لە 5ی نیسان دا پەمپی پاڵنانی نەوت لە وێستگەی کەی وەن تاقیکرایەوە و روون بووەوە کە دەتوانێ رۆژانە 90 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشوور لەگەڵ نەوتی کەرکووک هەناردە بکرێ.
 
بەرپرسەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند، ئێستا رۆژانە 210 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک و 15 هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەو 90 هەزار بەرمیلەی کێڵگە نوێیەکە دەیانەوێ رۆژانە هەناردەی نەوت بگەیێننە 300 هەزار بەرمیل.
 
پێشتر پلانەکە بەو جۆرە بوو بڕی نەوتی هەناردەکراوی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک، هەرێمی کوردستان و ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانی باشوور و نێوەراستی عێراق دەگەیەنرێتە کەرکووک بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی جەیهان دەکرێت 340 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بێت، بەڵام ئێستا بڕێک نەوت دەنێردێتە پاڵاوگەی بێجی هەربۆیە بڕەکە بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمدەبێتەوە.
 
پەنابردنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی عێراق بۆ بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات، لە 28ی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە راگیرا، بەهۆی مەترسییەکانی تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا.
 
لە 18ی ئادارەوە هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەژماری من

هەژماری من: ئەوانەی سبەی ناویان لە لیستی مووچەیە تاوەکو نیوەڕۆ پارە دەچێتە سەر هەژمارەکانیان

پڕۆژەی (هەژماری من) دەڵێ، ئەو مووچەخۆرانەی سبەی ناویان لە لیستی مووچە هەیە و لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون، تاوەکو نیوەڕۆ پارە دەچێتە سەر هەژماریان. بەگوێرەی ئامارەکان، ئێستا زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا ناویان تۆمارکردووە.