رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، زۆربەی رێکارەکانی خەرجکردن و ناردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو کراون و دەڵێ، ئەگەر ئەمڕۆ خەرج نەکرێت، دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆربەی رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی سێی هەرێمی کوردستان تەواو کران و تەنیا ماوە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق لە خەرجکردنی پارەکە ئاگاداربکرێتەوە."
بەگوتەی شێروان دووبەردانی، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دارایی راسپادووە مووچە خەرج بکات. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقیش رایگەیاندووە کە پارەکە ئامادەیە، با هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی کە کۆی کردووەتەوە، رەوانە بکات".
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەکردەوە، "ئەگەر ئەمڕۆ مووچە رەوانە نەکرێت، دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو، چونکە سبەی پێنجشەممە لە عێراق پشووی فەرمییە بە بۆنەی رۆژی رزگارکردنی عێراقەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رووداوی راگەیاند، رێکارەکانی ناردنی داهاتی نانەوتیی مانگی ئادار بۆ بەغدا دەستیان پێکردووە و بڕیارە نزیکەی 45 ملیار دینار بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی فیدراڵ.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیی مانگی ئادار دەخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ گواستنەوەی پارەکە دەستیان پێکردووە و ئەم مانگە نزیکەی 45 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێردرێت.
ئەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە حکومەتی فیدراڵ، ئەوەش وەک بەشێک لە رێکارەکانی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ