قوتابخانەی دانیێڵ میتێران بە چالاکییەک دایبابی قوتابی و مامۆستاکان بە یەکدی دەناسێنێت

08-05-2025
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
چالاکیی قوتابخانەی دانیێڵ میتێران
چالاکیی قوتابخانەی دانیێڵ میتێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

قوتابخانەی فەرەنسیی دانیێڵ میتێران لە شاری هەولێر رۆژێکی بۆ دایک و باوکانی قوتابییان رێکخست. ئامانج لەو چالاکییە ئاشنابوونیان بوو بە ژینگەی خوێندنی جگەرگۆشەکانیان و لە نزیکەوە بینینی مامۆستاکان و ستافی قوتابخانەکە.
 
قوتابخانەی فەرەنسی دانیێڵ میتێران یەکێکە لەو ناوەندە پەروەردەییانەی کە گرنگییەکی تایبەت بە فێربوونی فرەزمان دەدات. فێرخوازانی قوتابخانەکە، بە سێ زمانی سەرەکی فەرەنسی، کوردی و ئینگلیزی، هەروەها دوو زمانی لاوەکی، ئیسپانی و عەرەبی وانەکانیان دەخوێنن.
 
ئەوە دەرفەتێکی باش بۆ قوتابییان دەڕەخسێنێت تاوەکو لە تەمەنێکی زووەوە ئاشنای چەندین زمان و کولتووری جیاواز بن.
 
قادر بایز، یەکێک لە باوکانی قوتابییان، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییانە کرد بۆ ئاگاداربوون لە سیستمی خوێندن و پەیوەندی نێوان ماڵەوە و قوتابخانە. گوتی، فەرەنسی زمانی دیپلۆماسی و ئەدەبە، بۆیە دەیەوێت منداڵەکانی لە قوتابخانەیەکی فەرەنسی بخوێنن.
 
هاوکات، ئەمین قادر، قوتابی پۆلی پێنجەمی قوتابخانەکە، باوان فاروق، یەکێک لە دەرچووانی قوتابخانەی دانیێڵ میتێران، باسیان لە ئەزموونی خۆیان و ئەو سوودانە کرد کە لەم ناوەندە پەروەردەییەوە وەریانگرتووە.
 
لە سەرتاسەری جیهان، 600 قوتابخانەی هاوشێوەی دانیێڵ میتێران هەن، لە ساڵی 2009 دوو دانەیان لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە کە یەکێکیان لە هەولێر و ئەوی دیکەیان لە سلێمانییە.
 
ژواکیم دێل ژێزوو، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە رایگەیاند، "ئێمە سەر بە تۆڕی قوتابخانەکانی فەرەنسین بەناوی AEFE، تۆڕێکی نێودەوڵەتییە بۆ پەروەردەی فەرەنسی لە دەرەوەی وڵات. ئێمە لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو پۆلی 12 قوتابی وەردەگرین. دواتر بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێدەدەین کە دەرگە بەسەر هەموو زانکۆکان لە سەرتاسەری جیهان دەکاتەوە."
 
لە لایەکی دیکەوە، یان برێم، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "هەروەک دەزانن کە پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان زۆر لەیەک نزیکن. پەیوەندی مێژوویین... لە بواری سیاسی و کولتووری و لە بواری ئابووریدا زۆر بەهێزن. ئێمە خوازیارین کە لەڕێگەی پەروەردەش بتوانین پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین بەتایبەتی بەهۆی قوتابخانەی فەرەنسی دانیێڵ میتێرانەوە."
 
بەرپرسانی قوتابخانەی دانیێڵ میتێران ئاماژەیان بەوەش کرد کە جگە لە وانە زارەکییەکان، سەرنجێکی تایبەتیان لەسەر وانە کردارییەکانە، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ گەشەسەندنی توانا جۆراوجۆرەکانی قوتابییان و ئامادەکردنیان بۆ قۆناخەکانی داهاتووی ژیانیان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.