رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، مووچەی شوانەکان بە رێژەی 100% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 130 هەزار لیرە، کە دەکاتە نزیکەی (3000 دۆلار).
لە وان، نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار سەر مەڕ و بزن هەن و لەسەر ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان لە رووی ژمارەی ئاژەڵی بچووکەوە پلەی یەکەمی هەیە. بەهۆی زۆریی ژمارەی ئاژەڵەکانیشەوە، پێویستی بە شوانی زیاتر هەیە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا کاتی بردنی ئاژەڵە بۆ لەوەڕگەکان، بەڵام بەهۆی بەرزیی مووچە و دەستنەکەوتنی شوان، ئاژەڵداران رووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
وەک هەموو ساڵێک، ئەمساڵیش لە بەردەم مزگەوتی حاجی عوسمان، بازاڕی شوانان کراوەتەوە و ئاژەڵداران و شوانەکان لەوێ مامەڵە لەسەر نرخ دەکەن.
پار، مووچەی شوانەکان لە نێوان 60 بۆ 70 هەزار لیرەدا بوو، بەڵام ئەمساڵ مووچەکەیان 100% زیادیکردووە و شوانەکان ئێستا بۆ مانگێک داوای 130 هەزار لیرە دەکەن، کە دەکاتە نزیکەی سێ هەزار دۆلار.
ئاژەڵداران، مووچەی 130 هەزار لیرە بە زۆر دەزانن و دەڵێن، خەرجییەکانی دیکەشیان زیادیکردووە، بەڵام شوانەکان، کە ماوەی شەش مانگ لە دەشت و کوێستانەکان ئاژەڵ بەخێودەکەن و دەیانبەنە لەوەڕ، دەڵێن کارەکەیان زۆر سەختە و ئەو مووچەیەی داوای دەکەن، زۆر نییە.
لە هەرێمی سەرهەد، بەهۆی سەختی وەرزی زستانەوە، ئاژەڵەکان شەش مانگ لە گەوڕەکاندا بەخێودەکرێن و شەش مانگیش لە مێرگ و کوێستانەکان دەلەوەڕێنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ