رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای جۆلەمێرگ، بە سرووشت و جوانییەکەی لە ساڵانی دواییدا بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی راکێشانی گەشتیاران و ساڵانە نزیکەی 150 هەزار کەس سەردانی دەکەن. یەکێک لە شوێنە هەرە تایبەتەکانیش ناوچەی سپیخانەیە، کە دوای پاککردنەوەی رێگاکانی لە بەفر، جارێکی دیکە دەرگای بەڕووی گەشتیاراندا کردووەتەوە.
سپیخانە، یەکێکە لە کوێستانە بەرزەکانی جۆلەمێرگ. ئەو کوێستانانەی لە چیرۆکی "جەمبەلی کوڕی میری هەکاریدا" وەنەوشە پێی دەڵێت: "بەخێر بێیتەوە بۆ وڵاتی هەکاری و کوێستانە بەرزەکان".
دوای ئەوەی بەهار ناوچەکەی رازاندەوە، خەڵک جارێکی دیکە روویان لە سپیخانە کردووەتەوە و خێمەکانیان لە دامێنی چیا بەرزەکان و لە نزیک ئاوی سازگار و فێنکی ناوچەکە هەڵداوە.
قەهرەمان ئایتان، شاخەوانە و دەڵێت، "ناوی ئەم شوێنە سپیخانەیە. ئەمە جوانیی جۆلەمێرگ و هەموو ناوچەکەیە. پێویستە هەموو کەسێک بێت و ئەم شوێنە ببینێت، بەڵام گرنگە زیانی پێ نەگەیێنن. با کەس پاشماوەکانی خۆی لێرە بەجێنەهێڵێت. با هەمووان لەگەڵ خێزان و دۆستانیان سەردانی ئێرە بکەن. بۆ ئێمەی کورد، سپیخانە شوێنێکی زۆر جوانە."
کەنان جانان، نوێنەری دامەزراوەی "تێما"ـی ژینگەیی، هۆشداری لە ژینگەی ناوچەکە دەدات و دەڵێت: "20 هەزار ساڵ لەمەوبەر ئەم ناوچەیە هەمووی بەفر و سەهۆڵبەندان بووە، بەڵام ماوەی 9-10 ساڵە سەهۆڵەکان دەتوێنەوە. کاریگەریی هاتنی خەڵکیشی لەسەرە. ئێمە دەمانەوێت ئەو خەڵکەی سەردان دەکەن، هۆشیارتر بن."
سپیخانە بە بەرزیی سێ هەزار و 200 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە، بە سەهۆڵبەندانە 20 هەزار ساڵییەکەی و بەو چەم و کانیاوانەی دەوروبەریان بە گوڵاڵە سوورە و گوڵە بەیبوون رازاوەتەوە، دڵی گەشتیاران پڕ دەکات.
چیچەک ساک، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێت: "ئێمە ئێستا لە سپیخانەین، کە بە تورکی پێی دەڵێن، بەهەشت و دۆزەخ. ئەم شوێنە زۆر خۆشە. لێرە بەفر هەیە، لە کاتێکدا ئێستا هەموو جیهان گەرمە و وەرزی هاوینە، بەڵام لێرە کەشوهەوا فێنکە. لە لایەک بەفر هەیە و لە لایەکی دیکەوە گوڵ و گیابەندی بەهار هەیە."
جاهید یگیت، گەشتیارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "وەرزی بەهارە و ئەم شوێنە وەک بەهەشت وایە. لە لایەک گوڵ و گوڵاڵە سوورە و بەیبوونە و لایەکەی دیکەی بەفر و سەهۆڵە. لە پشتی ئێمەشەوە باشووری کوردستانە. ئێمە دەڵێین با شوێنی وا جوان بپارێزرێت و بە پاکی بهێڵدرێتەوە."
ناوچەکانی جۆلەمێرگ، گەڤەر، چیای جیلو، سات و سپیخانە تاوەکو دەگاتە چارچەلا، ساڵانە میوانداریی نزیکەی 150 هەزار گەشتیار دەکەن و بوونەتە دڵ و سییەکانی کەرتی گەشتیاری ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ