پرسی مووچە خرایە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

08-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ رووداو: پرسی مووچە و نەوتی هەرێمی کوردستان خرایە نێو بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئێستا لە کۆبوونەوەدایە.
 
هاوکات، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، هەرچەندە بە فەرمی پرسی مووچە و بابەتی مووچە نەخرابووە نێو کارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، سەرچاوەیەک لەنێو کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، پرسی مووچە بۆ کۆبوونەوەکە زیادکراوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە و کۆتایی لەسەری دەدرێت. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ماوەی 69 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە. لەو ماوەیەدا شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ رێککەوتنێکیان رانەگەیاندووە. 
 
دوایین کۆبوونەوەیان، دوێنێ دووشەممە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، هەریەک لە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو دوای کۆبوونەوەکەش، نەگەیشتنە رێککەوتن.
 
ئەو پرسانەی هەردوو لا ناکۆکییان لەسەر هەیە، پرسی رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتین. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەرێمی کوردستان کە پێشتر داوای 115 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ ناوخۆ دەکرد، ئێستا داوای 65 هەزار دەکات، بەڵام بەغدا دەڵێت، 45 هەزار بەرمیل دەدات. سەبارەت بە داهاتی نانەوتیش، "بەغدا داوای 100 ملیار دینار داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بە 90 ملیاریش رازییە."
 
پەیامنێری رووداو لە بەغدا دوێنێ لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی خۆیشی دەیەوێت بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات. تاوەکو کاژێر 1:00ـی نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، ئەگەر گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، ئەم بابەتە لەنێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باس دەکرێت. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەیەک لەسەر شێوەی کارتی زانیاری.

کارتی زانیاری نامێنێت و تێکەڵ بە کارتی نیشتمانی دەکرێت

بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کارتی زانیاری نامێنێت و تێکەڵ بە کارتی نیشتمانی دەکرێت، لەگەڵ زیادکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی دیکەدا.