رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی پسپۆڕی ئیتاڵی لە بواری نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان گەیشتوونەتە دهۆک، بۆ ئەنجامدانی پشکنین و قەستەرەی دڵ بۆ دەیان منداڵ کە بەشێکیان تووشبووی نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵن. ئەرکەکەیان کە هەفتەیەک دەخایەنێت، بە پشتیوانیی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پرۆگرامی رێکخراوی "هیڤی" بەڕێوەدەچێت.
جۆسێپێ سانتۆرۆ، یەکێک لە پزیشکە پسپۆڕە ئیتاڵییەکان، لە ناوەندێکی سەر بە رێکخراوی هیڤی بە رووداوی گوت: "ئێمە لە چەندین ناوەندی گەورەی بواری نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی دڵی منداڵان لە ئیتاڵیاوە هاتووین. پلانمان ئەوەیە پشکنین بۆ نزیکەی 60 نەخۆش بکەین و ئەگەر پێویست بکات، نەشتەرگەری بۆ نزیکەی 40 نەخۆش بکەین".
ئەو پزیشکە ئیتاڵییە باسی لە ئامانجی دووەمی سەردانەکەیانی کرد و گوتی: "خۆشحاڵین بەو دەرفەتەی رێکخراوەکە پێی بەخشیوین بۆ ئەوەی راهێنان بە پزیشکانی پسپۆڕی دڵ و نەشتەرگەریی دڵی خۆجێیی بکەین، تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانن خۆیان و بێ یارمەتیی ئێمە، هەمان کار لەم سەنتەرەدا بکەن."
سەردانی تیمەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تایبەتە بۆ بەهێزکردنی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، کە بە هاوبەشیی نێوان رێکخراوی هیڤی، رێکخراوی SIAی ئیتاڵی و نەخۆشخانەی "جیانینا گاسلینی" لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێ.
د. محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژە لە رێکخرای هیڤی لە هەمان ناوەند، بە رووداوی گوت، تیمەکە لە 7ـی تشرینی دووەمەوە تاوەکو 15ـی مانگ لە سەنتەری دڵی ئازادی لە دهۆک کار دەکەن و پلان وایە قەستەرەی دڵ بۆ نزیکەی 30 نەخۆش بکرێت.
بە گوتەی ئەو پزیشکە، قەستەرەکان دوو جۆرن: "جۆرێکیان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیە؛ جۆرەکەی دیکەشیان چارەسەرییە؛" ئاماژەی بەوەش کرد، "نزیکەی 10 نەخۆشی دیکە هەن کە تووشی نەخۆشیی خوێنبەرەکان بوون و چارەسەریان بۆ دەکرێ کە لەوانەیە هۆکارەکەی نەخۆشیی شەکرە یان نەخۆشیی دیکە بێت."
تیمە ئیتاڵییەکە لە شەش پسپۆڕ پێکهاتوون بە سەرۆکایەتیی دکتۆر ئییۆل پینتۆ. ئەوان جگە لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکان، راهێنانی کرداریش بە پزیشک و پەرستارە خۆجێییەکان دەکەن و دۆخە ئاڵۆزەکانیش دەستنیشان دەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بوو، بۆ چارەسەر رەوانەی ئیتاڵیا بکرێن.
رێکخراوی هیڤی کە لە ساڵی 2005ـەوە دامەزراوە و لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت، رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار نەخۆش لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پڕۆژەکانیان سوودمەند بوون و 547 نەخۆشیشیان بۆ چارەسەر ناردووەتە ئیتاڵیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ