رووداو - تەندروستی
رێکخراوی هیڤی دەڵێ، تیمێکی پسپۆڕی ئیتاڵی بۆ پشکنین و چارەسەری دڵی منداڵان گەیشتووەتە پارێزگای دهۆک. تیمەکە بە پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە 8 رۆژدا دەیان "قەستەرە و هێڵکاریی دڵ" بۆ ئەو منداڵانە دەکات کە بە سکماکی کێشەی دڵیان هەیە.
گەیشتنی تیمەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تایبەتە بۆ بەهێزکردنی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی هاوکاریی نێوان رێکخراوی هیڤی، رێکخراوی SIA و نەخۆشخانەی جیانینا گاسلینی لە ئیتاڵیا. رێکخراوی هیڤی لە ساڵی 2005ـەوە دامەزراوە، لەلایەن بەشی تەندروستیی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێ.
ئامانجی تیمە ئیتاڵییەکە: چارەسەر و راهێنان
تیمە پسپۆڕە ئیتاڵییەکە کە لە شەش پزیشک و پسپۆڕی دڵی منداڵان پێکهاتووە، لەماوەی مانەوەیان لە 7 تاوەکو 15ـی تشرینی دووەم، لە سەنتەری دڵی ئازادی لە دهۆک کار دەکەن.
تیمەکە 30 بۆ 36 قەستەرەی دڵ دەکەن. ئەو تیمە ئیتاڵییە پشکنین بۆ زیاتر لە 60 منداڵی نەخۆش دەکەن تاوەکو کێشەکانیان دەستنیشانبکەن. دوای پشکنینەکان (قەستەرە و هێڵکاریی دڵ)، دۆخە ئاڵۆزەکان دەستنیشاندەکرێن و منداڵەکان بۆ چارەسەر دەنێردرێنە ئیتاڵیا، ئەگەر پێویستی کرد. هەروەها، راهێنانی کرداری بە پزیشک و پەرستارە نێوخۆییەکان دەکەن.
ئەم پڕۆگرامەی رێکخراوی هیڤی هەوڵ دەدات دەرفەتی چارەسەر بۆ ئەو منداڵانە بڕەخسێنێت کە تووشی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ بوون، ئەمەش لە رێگەی هاوکاریی نێودەوڵەتی و تیمە پزیشکییە پسپۆڕەکانەوە کە بە شێوەیەکی رێکخراو سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی ئەم پرۆگرامە، جەختکردنەوەی دوولایەنەیە لەسەر چارەسەر و فێرکردن. تیمە ئیتاڵییەکە تەنیا نەشتەرگەری ناکەن، بەڵکو راهێنان بە ستافی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش دەکەن.
تیمەکە لە شەش کەس پێکهاتوون: دکتۆر ئییۆل پینتۆ، سەرۆکی تیم؛ ماسیمۆ میسانا، پەرستاری چاودێریی چڕ؛ دکتۆر گیوسێپێ سانتۆرۆ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ؛ دکتۆر ریکاردۆ مۆسچێتی، پسپۆڕی چاودێریی چڕ؛ دکتۆر سیلڤیا کۆمی، پزیشکی چاودێریی چڕ و دکتۆر کارلۆ روتۆلۆ، پسپۆڕی دڵ و لوولەکانی خوێن.
لە دوای سەردانی تیمە ئیتاڵییەکە، 12 منداڵ چارەسەر کران و 200 منداڵیش پشکنران
لە دوایین سەردانیان، تیمە ئیتاڵییەکە رۆژی 12-06-2025 گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لە شەش رۆژدا نەشتەرگەرییان بۆ دڵی 12 منداڵ کرد و پشکنینیان بۆ 200 منداڵی دیکە کرد.
ئەو کاتە تیمەکە لە 13 کەس پێکهاتبوون، ئەوانیش پزیشكانی نەشتەرگەرییەکانی دڵی منداڵان، پسپۆڕی دڵ، پسپۆڕانی سڕکردن و چاودێریی چڕ، پەرستاری چاودێریی چڕ و پەرستاری، لەماوەی مانەوەیان لە کوردستان پشکنینی دڵیان بۆ کۆرپەی نێو سکی خانمانی دووگیان کرد، بۆ ئەوەی لەنێو سکی دایکیاندا ئەو منداڵانە دەستنیشانبکەن کە گرفتی سکماکیان هەیە.
رێکخراوی هیڤی دەڵێ، ساڵی رابردوو زیاتر لە 227 هەزار منداڵی تووشبووی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ سوودیان لە پڕۆژە چارەسەرییەکانیان بینیوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی هیڤی، ساڵی رابردوو چارەسەری سرووشتیان بۆ 20 هەزار و 807 کەس دابینکردووە کە نەخۆشییەکانی ئیفلیجی، پەککەوتەیی و ناڕێکیی جووڵەیان هەبووە.
ئەمە جگە لەوەی کە رێکخراوەکە چەندان کادیری تەندروستی لەسەر دەستی کەسانی شارەزا و لێهاتوو پێگەیاندووە تاوەکو لێهاتوویی و ئەزموونیان لێوە فێربن و بۆ خەڵکانی هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنن.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە زیاتر لە دوو ملیۆن و 503 هەزار نەخۆش چارەسەرییان لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی هیڤی بۆ کراوە.
رێکخراوەکە 547 نەخۆشی بۆ وەرگرتنی چارەسەر ناردووەتە ئیتاڵیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ