رووداو دیجیتاڵ
ماوەی دوو ساڵە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێناسە و رێنمایی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانیان یەکخستوون، بەڵام تاوەکو ئێستا رێنماییەکان لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان وەک خۆیان جێبەجێ ناکرێن و دەروازەیەک بۆ دەروازەیەکی دیکە جیاوازە. هەروەها تاوەکو ئێستا ئامێری تیشک لە سەرجەم سنوورە نێودەوڵەتییەکان نییە، کە بزانرێت بارهەڵگرەکان چییان بارکردووە.
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو چووەتە یەکێک لە سنوورە نافەرمییەکان، بارهەڵگرێک پێشاندەدات کە ئامادەکراوە بۆ کاری قاچاخی، لەژێرەوە هێلکەی قەدەخەکراوی ئێرانی بارکردووە و لەسەرەوەش کەرەستەی بیناسازی و چەو و لم.
دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران، نزیکەی سی ساڵە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکرێت و دوازدە ساڵیشە کراوەتە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامێری تیشکی نییە، کە بزانرێت بارهەڵگرەکان چ جۆرە کاڵایەکیان بارکردووە. کارمەندانی گومرگ ئەگەر خۆیان گومانیان لە هەر بارهەڵگرێک هەبێت ئینجا دەیپشکنن.
بەرپرسانی ئەو دەروازەیە دەڵێن دوو ساڵە بەهەمان پێناسە و رێنمایی گومرگی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کاردەکرێت.
شۆڕش رەحمان، بازرگانێکە لە سنووری دەروازەی حاجی ئۆمەران کاردەکات، بە رووداوی گوت: "پێناسەی گومرگی بۆ هەموو بارێک گەلێک زۆرە، لە هێنانی ئۆتۆمبێل باجی گومرگی زۆر کراوە، لە کاڵاکانی دیکەش باجی گومرگی چووەتە سەرێ، ژمارەیەک سنووری دیکەی لاوەکی هەن بەم رێنماییە کارناکەن و باجی گومرگییان کەمترە، بۆیە بازرگانان رێگەی سنوورەکانی دیکە دەگرنەبەر".
هەژدە بنکەی وەزارەتەکانی پەیوەندیدار لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن، ئەو کاڵایانەی دەبینرێن پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەڵام لە سنوورە لاوەکی و نافەرمییەکان بنکەکان نین. بۆیە بارهەڵگر دەبینرێت بە ناوی کەرەستەی بیناسازی بەڕێکراوە، کەچی هێلکەی قاچاخی تێدا بووە. هێلکەکانیش لە سنووری کێلێی پشدەرەوە بەڕێکراون و دواجار لە بازگەی گردە زۆزی خەلیفان ئاسایش دەستی بەسەردا گرتووە.
ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری هۆبەی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران، بە رووداوی راگەیاند: "هاوردەکردنی هێلکە بە هەمووشێوەیەک قەدەخەکراوە، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە هاوردەکراوە و دەیانەوێت لە رێگەی سلێمانیشەوە بە بازاڕی بکەن لە هەولێر و سلێمانی".
بەپێی ئاماری کۆمەڵگەی گومرگی حاجی ئۆمەران، کاڵا ترانزێتییەکان مانگێکە کەمبووەتەوە، مامەڵەی بازرگانیشیان لەگەڵ ئێران نەگۆڕاوە.
حاجی ئۆمەران نزیکترین دەروازەی شارە پیشەسازییەکانی ئێرانە، نزیکترین رێگەشە لە بەندەر عەباسەوە بۆ هاوردەکردنی کاڵای ترانزێت، بەڵام ماوەی حەوت ساڵە ئێران رێگەنادات مامەڵەی ترانزێتی جگەرە، کەلوپەلی کارەبایی و کارگە لەو سنوورەوە بکرێن، لەکاتێکدا زۆرترین باجی گومرگی لەو کاڵایانەدایە.
باشماخ، ئەو دەروازە سنوورییەیە کە زۆرترین قسەی لەسەرە بۆ کاری قاچاخی، ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو چووەتە گەراجى وەستانى ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ژمارەى تابلۆکانیان تورکییە و لە سلێمانى دواى داگرتنی بارەکانیان لەوێ دەمێننەوە. چەند رۆژى رابردوو لیژنەى دارایى و دەستپاکى پەرلەمانى کوردستان رایانگەیاند، "باشماخ سەرچاوەیەکى گەورەى قاچاخچێتییە".
دواى بەدواداچوون، پەیامنێری رووداو بۆی دەردەکەوێت بەشێک لەو کەسانەى کارى بازرگانى دەکەن، لەجیاتى ئەوەى بارەکانیان لە تورکیاوە لە رێگەى دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل لە دهۆک هاوردەبکەن و باج بدەن، راستەوخۆ لە تورکیاوە بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ کوردستان و عێراق بە کەمترین باج و گومرگ و هەندێکجاریش بە قاچاخ دەیهێنن.
محەممەد چەلیک، شۆفێرى بارهەڵگرى تورکییە و دەڵێت: "لە باتمانەوە هاتووین، بارەکەمان گۆشتى مریشکە و بۆ کوردستانمان هێناوە". جیهان ئۆکاس، شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگرێکی تورکییە و دەڵێت: "بازرگانەکانى ئێمە کورد و عێراقین، تەنیا پێمان دەڵێن بچن بۆ فڵان شوێن و بارەکەیان بدەنێ". خەلیل سەبرى، بەهەمانشێوە محەممەد و جیهانە و دەڵێت: "من لە ئۆکرانیاوە بارم هێناوە بۆ کوردستان، ئێستاش لە ئێرانەوە دەچمەوە بۆ تورکیا".
لاى شۆفێرانى دیکەش کارى بارهەڵگرە تورکییەکان کە بە رۆژى رووناک لەنێوان تورکیا، ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراق هاتووچۆ دەکەن جێی سەرنجە، بەڵام سەریشى لێ دەرناکەن.
محەممەد مەحموودى، شۆفێرى بارهەڵگریى ئێرانى بە رووداوی گوت: "تورکەکان بە رۆژ دەیهێن و سەرقەپاتن، کەس نازانێت چییان تێدایە، بەڵام ئێمە لە بەندەر عەباسەوە تاوەکو کوردستان کەس پرسیاریشمان لێناکات".
هێلکە، دووگى ئاژەڵ، جگەرە، ماددە کحولییەکان، پێستە و مریشکى زیندوو، مریشکى بەستوو و جگەر زۆرترین ئەو بەرهەمانەن کە بە قاچاخ یان لە دەروازەی باشماخەوە هاوردە دەکرێن. ئەوانەى ئەو بازرگانىیە دەکەن، سوود لەو بەروبوومانە وەردەگرن،
کە وەزارەتى کشتوکاڵ ساڵانە هاوردەکردنیان قەدەخە دەکات، بەم پێیەش لە ناوخۆدا ئەوانە هەم کەمدەبنەوەو هەم پارەیەکى زیاتر دەکەن.
حوسێن محەممەد، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەوزەکان 20 جۆرن کە بەپێى وەرزەکان قەدەخە دەکرێن، میوەش 5 جۆر، ماسی و بەرهەمى پەلەوەر؛ مریشک و هێلکە قەدەخەن".
لەسەر ئاستى زۆر باڵاى حکومى و حیزبى بابەتى قاچاخى و کارى نایاسایى لە دەروازە و خاڵە سنوورییە فەرمى و نافەرمییەکان پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رووننەکراوەتەوە کێیان لە پشتە و بۆ کۆتاییان پێناهێنرێت.




