رووداو- دهۆك
شۆفێرێكی دیكه‌ی تورك له كێڵگه‌ی شێخ هادی سه‌ر به ناحیه‌ی قه‌سرۆك لە قه‌زای شێخان به ناسنامه‌یه‌كی داعش له لایه‌ن هێزه‌كانی پاراستنی كێڵگه‌كانی نه‌وت له‌و ناوچه‌یه ده‌ستگیركرا.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له هێزه‌كانی پاراستنی كێڵگه‌كانی نه‌وت له قه‌زای شێخان به تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند:" رۆژی پێنجشەممە 8-1-2015 له كێڵگه‌ی شێخ هادی شۆفێری تانكه‌رێك پێش ئه‌وه‌ی بچێته ناو كێڵگهكە له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پشكنین ده‌ستگیركراوە، دواتر لە تانكەرەكە ناسنامەیەكی داعش و چەند بەڵگەیەكی دیكە كە دەیسەلمێنن پەیوەندی لەگەڵ داعشدا هەیە، دۆزراونەتەوە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی دراونەتە رووداو، شۆفێرەكە ناوی (أ. ڤ)ە، بەهۆی ئەوەی ژیاننامەی پێغەمبەری ئیسلامی پێبووە، كە لەشێوەی ناسنامەدا لەلایەن ئەو رێكخراوەوە چاپكراوە و ناو و ئارمی رێكخراوی داعشی لەسەرە، دەستگیركراوە.
سەرچاوەكە گوتیشی:" ئەو كەسەی دەستگیركراوە شۆفێری یه‌كێك له كۆمپانیاكانی توركیایه كە لەو ناوچەیە نەوت دەگوازنەوە، دوای دەستگیركردنیشی رادەستی هێزە ئەمنییەكانی دهۆك كرا بە مەبەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی زۆرتر لەگەڵی". ئەگەر لەو بەڵگەیە ورردبیتەوە كە شۆفێرەكەی پێ تۆمەتباركراوە، دەردەكەوێت كە بە زمانی توركی ناسنامەی (محەممەد د.خ) لەسەرە، وەك ناوی سیانی و شوێنی لەدایكبوون و ناوی دایكی.
دوو رۆژ پیش ئێستاش شۆفێرێكی دیكەی تورك هه‌ر به هه‌مانشێوه له كێڵگه‌ی گوندی پێساتی سه‌ر به قه‌زای شێخان به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (ناسراو به داعش) ده‌ستگیركرا.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ