لە كەركووك دوو گەنجی کورد بە دەستڕێژی گوللـە کوژران

09-01-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن کەرکووک کوشتن
A+ A-

رووداو - هەولێر

شەوی رابردوو لەنێو شاری كەركووك دوو گەنجی کورد بە دەستڕێژی گوللە کوژران، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەكەش دەڵێت بکوژەکان رایانکردووە و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون.

خەتاب عومەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركووك بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، شەوی رابردوو 8-1-2018  لە گەڕەكی عەدەمی شاری كەركووك لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە دەستڕێژی گوللە لە دوو گەنج کرا و هەردووکیان کوژران.

بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركووك باسی رووداوەکەی کرد و گوتی: "هەردوو گەنجەکە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، ئەوی دیکەشیان تاوەكو نەخۆشخانە مابوو، بەڵام بەداخەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".

خەتاب عومەر جەختی کردەوە کە بۆ ئاشكراكردنی  تاوانباران هەوڵەكانیان چڕكردوونەتەوە، بەڵام  تاوەكو ئێستا ناسنامەی بكوژەكە یان بکوژەکان ئاشكرانەكراوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو هەردوو گەنجە کوژراوەکە کوردن بەناوەکانی  (چیا هیوا ساڵح و مزەفەر بەهرام سەعید).

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر کە بەهۆی هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک و دەوروبەری پاشەکشەیان کرد، تاوانە جۆراوجۆرەكان بەتایبەت كوشتن زیادیكردووە.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە