رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان و دانانی چوارچێوەیەکی رێکخراو بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی، رێکخراوی نێودەوڵەتیی HWPL بە هاوکاری رێکخراوی (PAO)، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لە شاری هەولێر سازکرد و تێیدا بە فەرمی دامەزراندنی "لیژنەی جێبەجێکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" راگەیێندرا.
کۆبوونەوەکە کە لە 30ی کانوونی دووەمی 2026 بە هەردوو شێوازی ئامادەبوونی مەیدانی و ئۆنلاین بەڕێوەچوو، تیشکی خستە سەر گرنگیی مێژوویی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە. بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت ئەو ئازارانە بکرێنە هەوێنێک بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی و پەرەپێدانی ئاشتییەکی بەردەوام کە لە ناوخۆی ناوچەکەوە سەرچاوە بگرێت.
کۆبوونەوەکە کۆمەڵێک کەسایەتیی دیاری حکومی، ئەکادیمی و مەدەنی کۆکردەوە، لەوانە:
هۆگر چەتۆ (سەرۆکی بۆردی PAO) و ئەڵوەند تەلعەت (بەڕێوەبەری پڕۆژە لە PAO) کە رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە رێکخستنی کارەکان.
نوێنەرانی حکومەت، وەک دڵسۆز جەلال حوسێن لە وەزارەتی شەهیدان و هۆشەنگ شەماڵ زێباری لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
کەسایەتییە ناسراوەکانی وەک پاسکال واردا، وەزیری پێشووی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق (2004 - 2005) و نوێنەرانی هەڵەبجە وەک نەریمان عەبدوڵڵا، راگری کۆلێژی زانستە مرۆییەکانی زانکۆی هەڵەبجە و لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی HWPL بە رووداوی گوت، لیژنەکەیان، لیژنەی جێبەجێکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک سەکۆیەکی گشتگیر کار دەکات بۆ کۆکردنەوەی تواناکانی رێکخراوە مەدەنییەکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان، تاوەکو پڕۆژەکانی ئاشتی لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی زانستی و مەیدانی جێبەجێ بکرێن.
بڕیارە کۆبوونەوە و چالاکی لەو جۆرە لەنێوان HWPL و رێکخراوە کوردییەکان بەردەوام بێت و پرۆژەی زیاتر لەبارەی پرسی ئاشتی و بەجیهانیکردنی کارەساتی هەڵەبجە تاوتوێ بکەن و بیانخەنە بواری جێبەجێکردن.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ