هەولێر بڕیارێکی بەغدا لەبارەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رەتدەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لەبارەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک رەتدەکاتەوە و "دڵنیایی" دەداتە بازرگانان، رێکارەکانی گومرگ لە دەروازەکە وەکو پێشوو دەبن.
 
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، رۆژی دووشەممە بڕیارێکی دا و رایگەیاند، بۆ ماوەی سێ مانگ جێبەجێ دەکرێ و گومرگ و سپاردەی دارایی باج لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەر لە حەواڵەکردنی دۆلار بۆ هاوردەکردنی کاڵاکە رادەست دەکرێ و ئەو پارەیە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی دەستەکەیان. ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی رەتکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "بڵاوکراوەیەکی دەستەی گومرگەکانی عێراق سەبارەت بە شمولی بابەتەکانی (خۆراک و دەرمان) لە چوارچێوەی سیستمی ئەسیکۆدا و وەرگرتنی رەسم و باج بۆ حیسابی گومرگەکانی عێراق، یان باجەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل کە لە رێگای (البیان المسبق) بۆ ماوەی 3 مانگ مانگ کە لە 31-05-2026 کۆتایی دێت. بۆ سەرجەم بازرگانان، کۆمپانیاکان و رای گشتی روونی دەکەینەوە، کە ئەو بڵاوکراوەیە پێچەوانەی خاڵی هەشتە لە بڕیاری ژمارە 569ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، کە ئاماژە بەوە دەدات، وەرگرتنی رەسمی گومرگیی لەو نووسینگە گومرگییانە دەبێت کە کەلوپەل و کاڵاکانی لێوە هاوردە دەکرێت".
 
وەزارەتی دارایی دەڵێ، دەستەی گومرگەکانی عێراق لەو بڕیارەیان هیچ جۆرە هاوئاهەنگییەکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە.
 
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، بڕیاری داوە بۆ سێ مانگ رێگە بدرێ خۆراک و دەرمان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکرێ، بەڵام دەبێت رێکاری رادەستکردنی گومرگی پێشوەختە بێت و دواتر پاکتاوی مامەڵەکان بکرێ.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "بازرگان، کۆمپانیاکانی دەرمان و خۆراک دڵنیا دەکەینەوە، رێکارەکان لە گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بە هەمان میکانیزمی پێشوو جێبەجێ دەکرێت لە چوارچێوەی یاساو رێنماییەکان".
 
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستەکەیان بڕیاری داوە کە خۆراک و دەرمانی هاوردەکراو لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە سیستمی گومرگی پێشوەختە بیگرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو بڕیارە بۆ سێ مانگ کاری پێدەکرێ تاوەکو 31ی ئایار. ئەو رێکارە هاوشێوەی هەموو دەروازەکانی دیکەی عێراق جێبەجێ دەکرێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی رێکخستنی پڕۆسەی هاوردەکردن و بەهێزکردنی توانای رێکارە گومرگییەکانە.
 
25ی تشرینی دووەمی 2025، حکومەتی فیدراڵی دەستی کرد بە کارکردن بە رێکارەکانی گومرگی پێشوەختە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق، کە دەبێت بازرگان، گومرگ و باجی کاڵا هاوردەکراوەکەی پێشوەختە رادەست بکات و لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆدا کۆدێک وەربگرێ بۆ ئەوەی رێگەی پێبدرێت کە کاڵاکەی لە دەروازە سنوورییەکان تێپەڕێنێت.
 
سامر قاسم داود رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو بڕیارە، رێکارەکانی تایبەت بە پاکتاوی بازرگانی دواتر دەکرێت، دوای ئەوەی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە بارەکە و مامەڵەی گومرگی کە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەرچوو، بەگوێرەی هەمان رێکار بێت، کە ئێستا لەلایەن دەستەی گشتیی گومرگ و بانکی ناوەندی پەیڕەو دەکرێ بۆ حەواڵەی دەرەکی و ئەو رێکارە بۆ ئاسانکارییە لە هێنان و گواستنەوەی کاڵا بنەڕەتییەکان، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ پێویستیی ئابووری و بازرگانیی وڵات.
 
رێکاری گومرگی پێشوەختە وایکردووە هەندێک لە بازرگانان لە هەرێمی کوردستان پەنا بۆ دۆلاری بانکی ناوەندی نەبەن بەهۆی قورسیی رێکارەکان و کارکردن بە سیستمی ئەسیکۆدا کە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاری پێ ناکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی درۆنەکە لە سەربانی ماڵێک

درۆنێک لە سەربانی ماڵێکی هەولێر کەوتەخوارەوە

درۆن لەسەربانی ماڵێک لە گەڕەکی ژیانی هەولێر کەوتەخوارەوە و هاونیشتمانییەک بە رووداوی گوت، کەس بریندار نەبووە.