رووداو دیجیتاڵ
گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی رمێلان لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا بەردەوامە و چەند تانکەرێکی دیکەی نەوت گەیشتنە شوێنی مەبەست.
عەلی قەرەنفل، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی نەوتی خاو لە نێوەڕاستی سووریا، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، 92 تانکەر گەیشتوونەتە حمس، ئەمەش دووەم کاروانە دوای ئەوەی رۆژی هەینی کاروانی یەکەم بە 72 تانکەر گەیشتنە شوێنی مەبەست.
قەرەنفل ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکرێ لە ماوەیەکی نزیکدا کاروانی سێیەمیش بگاتە حمس.
بە گوتەکانی ئەو بەرپرسە، هەردوو کۆمپانیای نەوتی سووریا و کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت، تەواوی توانای مرۆیی و تەکنیکیی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی وەرگرتن و گواستنەوەی نەوتەکە بە شێوەی 24 کاژمێری بەردەوام بێت و نەوتەکە بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ کێشە بگات.
ئەم هەوڵەی حکومەتی سووریا وەک بەشێک لە پلانی دەوڵەت ناودەبرێ بۆ دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانەوە بەرەو ناوەندەکانی کۆگاکردن و پاڵاوگەکان، ئەوەش بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیری لە کەرتی وزەی وڵاتەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ