رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق رێگەیەکی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوتی باشووری وڵات تاقیدەکاتەوە. رۆژانە 90 هەزار بەرمیل نەوتی پارێزگای بەسرە، لە رێگەی تانکەرەوە دەهێنرێتە کەرکووک و لەوێشەوە بە بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان دا بەرەو بەندەری جیهانی تورکی هەناردە دەکرێت.
ئەم پرۆسە ترانزێتە تێچوویەکی بەرچاوی هەیە؛ گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت لە بەسرەوە بۆ کەرکووک لە نێوان 10 بۆ 12 دۆلاری تێدەچێت. بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 180 هەزار بەرمیل نەوت گەیشتووەتە کەرکووک و پرۆسەکە بەردەوامە.
عەبدولواحید نووری، یەکێک لەو شوفێرانەی کە نەوتی بەسرەی بارکردووە و دوای دوو رۆژ گەیشتووەتە کەرکووک، دەڵێت: "هەر تانکەرێک 36 هەزار لیتر دەگرێت. ئەرکی ئێمە تەنیا بارکردن و گەیاندنی نەوتەکەیە بۆ کەرکووک. دەگوترێت رۆژانە 100 هەزار بەرمیل دەگات، بەڵام داتا وردەکان لای لایەنە پەیوەندیدارەکانن."
وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا چاوی لە گواستنەوەی تانکەر نییە، بەڵکو جێگرەوەیەکی ستراتیژیی دیکەی هەیە. ئێستا تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆری گواستنەوەی نەوتی کەرکووک-جەیهانن، کە درێژییەکەی 320 کیلۆمەترە و توانای هەناردەکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، پشتگیریی پارێزگاکەی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی و بە رووداوی راگەیاند: "لە ماوەیەکی کورت دا چاککردنی هێڵی کەرکووک- جەیهان تەواو دەبێت. ئەمە بەشێکە لە پلانی ستراتیژیی حکومەتی عێراق بۆ دۆزینەوەی رێگەی نوێی هەناردەکردن. وەک حکومەتی خۆجێی هەموو ئاسانکارییەک دەکەین، چونکە گۆڕینی کەرکووک بۆ ناوچەیەکی ترانزێتی نەوت، سوودی زۆری بۆ پارێزگاکە دەبێت."
بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی ئەم پرۆسەیە؛ گواستنەوەی 90 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، پێویستی بە جوڵەکردنی 450 تانکەری گەورە هەیە. هەر تانکەرێکیش بەپێی رێگاوبان و بارودۆخ، 48 بۆ 72 کاتژمێری پێدەچێت تاوەکو بارەکەی لە بەسرەوە بگەیێنێتە کۆگاکانی کەرکووک.
ئەم هەنگاوەی عێراق لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆڕییەوە بۆ بەندەری جەیهان، لەگەڵ لایەنی تورکیا بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ