مەزڵووم عەبدی و پارتە کوردییەکانی کۆبانێ تاوتوێی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی کۆبانێ کۆبووەوە و رایگەیاند، پرۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا لە هەندێک بواردا بە باشی بەڕێوەدەچێت.
 
مەزڵووم عەبدی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رێگەی "زووم"ـەوە لەگەڵ نوێنەری پارتە کوردییەکان لە شاری کۆبانێ کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە لە بارەگای ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی کۆبانێ بەڕێوەچووە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا مەزڵووم عەبدی دوایین پێشهاتەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا خستەڕوو. 
 
ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی یەکگرتن و جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە لە هەندێک بواردا بە شێوەیەکی ئاسان بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە هەندێک بواری دیکەدا ئاستەنگ هەن، بەڵام ئەمانە نابنە رێگر لەبەردەم بەردەوامبوونی پرۆسەکە.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی سەقامگیری و پاراستنی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی ناوچەکە.
 
نوێنەری حیزبەکان جەختیان لە پێویستیی دروستکردنی مەرجەعێکی گشتگیر لەسەر ئاستی کۆبانێ کردەوە کە نوێنەرایەتیی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە