رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکرێت گەنمی ئەم ساڵ زیاتر بێت لە دوو ملیۆن تۆن، بەڵام شارەزایانی کشتوکاڵ دەڵێن، بەردەوامیی باران و ئەگەری بارانی بەهێز مەترسی جیدیی لەسەر بەرهەمی گەنم دروستکردووە. بەرپرسێک لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "گەنم پێویستی بە هەتاوە و ئەم ساڵ کەم بووە".
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، هەڵكەوت محەممەد، گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتی گشتیی جووتیارانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانی باش باریوە، بەڵام ئێستا بەشێکی دانەوێڵە گوڵی کردووە ئەگەر بارانی بەهێز ببارێت ملی گوڵەکە دەبڕێت و زیانی گەورە بە بەرهەمی دانەوێڵە دەگەیێنێت".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەم وەرزە زیاتر لە 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەگەر بارانی بەهێز زیانی پێ نەگەیێنێت، بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ دوو ملیۆن تۆن تێدەپەڕێنێت.
لەبارەی زۆریی بارانبارینەوە لە 30 رۆژی رابردوودا، گوتەبێژی یەکێتی جووتیاران گوتی، بەگوێرەی ئەوەی ناوبەناو رۆژهەڵاتووە تاوەکو ئەمڕۆ مەترسیی جیدی لەسەر نەبووە.
هەڵکەوت محەممەد گوتی: "یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانی بەردەوامیی باران بۆ بەرهەمی دانەوێڵەی ئەم ساڵ ژەنگکردنی گەنمە".
گوتەبێژی یەکێتی جووتیاران دەڵێت: "بارانی بەهێز جگە لە لەنێوبردنی گوڵی ئەو بەرهەمانەی گەنم و جۆ کە گوڵیان کردووە، ئەوانەشی گوڵیان نەکردووە مەترسی شکانەوەیان لەسەر دروست دەبێت".
هەڵکەوت محەممەد گوتی، لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە کۆتایی مانگی چوار بۆ یەکی پێنج دروێنەی دانەوێڵە دەستپێدەکات، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی زۆریی بارانەوە دروێنەکردن نزیکەی یەک مانگ دوادەکەوێت.
د. لوقمان موفتی، بەرپرسی بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ لە هەندێک ناوچە زیاتر لە بڕی پێویست باران باریوە، ئەو ناوچانەی بارانیان کەمترە دۆخی دانەوێڵەیان باشترە لەو ناوچانەی بارانی زیاتریان لێ باریوە".
د. لوقمان موفتی گوتی: "جگە لە زۆریی باران، کێشەیەکی دیکەی گەنمی ئەم ساڵ لێنەدانی هەتاوە، ئەو رۆژانەشی باران نابارێ هەتاو نییە، ئەگەرنا بە شەو چەند باران ببارێ و رۆژ هەتاو هەبێ هیچ مەترسی دروست ناکات، بەڵام ئەم ساڵ خۆرەتاو زۆر کەم بووە و زیانی بە هێزی گەنم گەیاندووە".
بەگوتەی بەرپرسی بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەم ساڵ دۆخی گەنم لە هەولێر، گەرمیان و کەرکووک باشترە لە پارێزگاکانی دیکە کە بارانی زیاتریان لێ باریوە. گوتیشی: "کێشەیەکی دیکەی بەردەەوامیی باران دروستکردنی قوڕە، کە رێگەی نەداوە جووتیاران دەرمانی دانەوێڵە بکەن، مەگەر بە درۆن، ئەویش تێچووی زۆرە و بۆ زەویی فراوان قورسە".
د. لوقمان موفتی کە هاوکات شارەزای کەشوهەوایە ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە جووتیاران پەیوەندی پێوە دەکەن بزانن کەی باران کۆتایی دێت و دەڵێت: "یەکێکی دیکە لەو مەترسییانەی لەسەر دانەوێڵە هەیە ئەگەر هەیە ببنە هۆکاری لەنێوچوونی گەنم، بارینی تەرزە یان سەرمای تووندە لەم مانگەدا".
بەگوتەی بەرپرسی بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ، "ئەگەر بارانی بەهێز ببارێ لەم کاتەکەدا کە بەشێکی گەنم گوڵیان کردووە یان لە گوڵکردندان دەشکێنەوە و هەستناوەیان قورس دەبێت".
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەڵام ساڵی 2025 بڕی وەرگرتنی کەم کردەوە بۆ 400 هەزار تۆن.
بۆ گەنمی ئەم وەرزە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە چوار ملیۆن و 500 هەزار تۆن وەربگرێ، بەڵام روون نییە لەو بەشە پشکی هەرێمی کوردستان چەند دەبێت.
حکومەتی عێراق دوو ساڵی پێشتر تۆنێک گەنمی جووتیاران بە 850 هەزار دینار وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەم ساڵ تۆنی بە 700 هەزار دینار وەردەگرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ