رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی خوێندکارانی پێشەنگ لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا 125 خوێندکاری پەروەردەی بنەڕەتی دوا پرۆژەی خوێندنیان نماییش کرد.
شیلان یاسین، خوێندکاری قۆناخی دووەم دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیمان پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانە، کە رۆژانە تەنها پلاستیك و قووتوو فڕێدەدان لەسەر شەقام، کە چەندەها ساڵی دیکەش لەنێو خاکدا شینابێتەوە، سەرەتا لە پڕۆژەکەمان پلاستیک، قووتوو و فافۆن وەردەگرین و ئەگەر پڕۆژەکەمان گەورەتر بکەینەوە کارتۆن، مس و نایلۆنیش وەربگرین."
گوڵبەهار میرخان، خوێندکاری قۆناخی دووەم لەگەڵ هاوڕێکانی بیرۆکەی پڕۆژەی "بەهەشتی گوڵان"یان نمایش کرد و دەڵێت، "پرۆژەکەمان جیاوازیی ئەوەیە بە زمانی کوردی هەموو زانیارییەکان دەخرێنە بەردەست. هەروەها بۆ نموونە، بوونی نەمامگە، چونکە شوێنێکی گەورەیان پێویستە لە دەرەوەی شار، دەرەوەی شارەکەش هۆکاری ئەوەی کە خەڵک نەتوانن سەردانیان بکەن یان لەوانەیە رێگەکە بۆیان قورس بێت، بەڵام ئەگەر پەیجێکی وات هەبێت بە زمانی کوردی بەردەستبێت، دەتوانیت هەر لە رێگەی پەیجەکەوە زانیارییەکی تەواو لەسەر گوڵەکە وەربگریت و گوڵەکەش بکڕیت."
لە کۆی گشتیی 25 پڕۆژە، کە لەلایەن خوێندکارانەوە ئامادە کراون، جگە لە بابەتی ژینگە، پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی سەرنجڕاکێش هەیە، ئەویش "چاویلکەیەکی زیرەک"ە، کە تایبەتە بە نابینایان.
بانە محەممەد، خوێندکاری قۆناخی دووەم گوتی، "لە خێزانی خۆم کەسێکی نابینا هەیە، داپیرمە. بیرۆکەکەم بەو شێوە وەرگرت کاتێک بە رێگەدا دەڕۆیت، هەمیشە پێویستی بە کەسێک بوو کە رێنوێنیی بکات یان هەمیشە ترسی هەبوو شتێکی بەربکەوێت ئازاری پێ بگات، بۆیە بڕیارمان دا چارەسەری ئەو کێشەی بۆ بکەین. تایبەتمەندیی ئەو چاویلکەیە ئەوەیە، لە رێگەی زەنگەوە کەسەکە ئاگادار دەکاتەوە کە خۆی بپارێزێت لە هەر بەربەستێک کە دێتە پێشی. ئەو سانسۆرە کە بەکارمان هێناوە لە دووریی 65 سانتیمەتر دەخوێنێتەوە، هەروەها دەتوانین لە داهاتوودا مەوداکە زیاد بکەین تاوەکو دوو مەتر."
نیزام حەسەن، ئەندامی سەنتەری پەروەردەی پێشەنگکار دەڵێت، "بەرهەمی هێز و بیرکردنەوەی قوتابییانی ئێمە لە چوارچێوەی وانەیەکە کە لە دوو کۆرس دەخوێندرێت لە رێگەی مامۆستایانی راهێندراوەوە. لە رێگەی پرۆگرامێکی ئامادەکراوی دیزاینکراوی تایبەت بەو بابەتەشەوە، بۆئەوەی قوتابیانمان سەرەڕای بابەتەکانی دیکەی پسپۆڕییان، هەوڵ بدەن دانەبڕێن لە بازاڕی کار، بزانن چ دەگوزەرێت و چۆن بیربکەنەوە، ژیان چۆن دەگوزەرێت، پەیوەندییەک دروستبکەین لەنێوان زانکۆ و بازاڕ."
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری فێستیڤاڵە یەک رۆژییەکە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ