رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هۆزی هەرکی دەڵێت، ئێستا بارودۆخی سنووری خەبات ئاساییە و شەڕ نەماوە. راشیگەیاند، ئەو هێزە ئەمنییانەی دوێنێ هێنرابوونە ناوچەکە بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێک کشاونەتەوە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 8ـی تەممووزی 2025 لە گوندی گردەڕەشەی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و کەسێک بە ناوی خورشید هەرکی روویدا.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، مەحموود ئاغا، سەرۆکی هۆزی هەرکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوێنێوە لەسەر هێڵن تاوەکو کێشەکە زیاتر تەشەنە نەسەنێت و گەورە نەبێت، گوتیشی "ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز وەزیری ناوخۆ قسەم کرد، تاوەکو پاشەکشە بە هێزەکانیان بکەن بۆ ئارامبوونەوەی ناوچەکە و کۆتایی هاتنی شەڕەکە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان کشانەوە و شەڕەکە کۆتایی هات".
بە گوتەی مەحموود ئاغا، کێشەکە لە نێوان دوو بنەماڵە بوو لەسەر پارچە زەوییەک، کە دەکەوێتە نێوان هەردوولا. گوتیشی: "ئێستا حکومەت لیژنەیەکی پێکهێناوە، بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی نێوان هەردوو بنەماڵەکە، لیژنەکە هەر بڕیارێک بدات پێیەوە پابەند دەبین".
لە ئەنجامی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە دوو کەس کوژران، یەکێکیان کارمەندی زێرەڤانی بوو بە ناوی فەلاح حەسەن، کە خەڵکی قەزای کفری بوو، ئەوەی دیکەش هاونیشتمانییەکی دانیشتووی خەبات بوو بە ناوی سەمیر هەرکی، ئەمە جگە لەوەی چەند کەسێکیش بریندار بوون.
دوێنێ سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند کەسێک لەلایەن یاساوە داواکراو بوون. ئەم ئێوارەیە هێزێکی ئەمنی چوون بۆ گوندێکی سنووری قەزای خەبات بە مەبەستی دەستگیرکردنیان، بەڵام شەڕ روویدا".
رۆژی 2025-07-03ـەش شەڕ لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیە روویدا. رۆژی دواتر، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سێ لەو کەسانەی لە رووداوەکەدا چەکیان بەکارهێنا بە فەرمانی دادوەری ئاسایش دەستگیرکران".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ