“ئەگەر پارتی بەبێ یەكێتی و گۆڕان حكومەت پێكبهێنێ سلێمانی جیادەبێتەوە”

09-09-2013
هێڤیدار ئەحمەد
A+ A-
رووداو - هەولێر

بەرپرسێكی یەكێتی هۆشداری دەدات كە ئەگەر پارتی، یەكێتی و گۆڕان لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دووربخاتەوە ئەوا سلێمانی لە هەرێمی كوردستان جیادەبێتەوە.

لایەنە سیاسییەكان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستاندا بڕیاریان دا هەریەك بە لیستی سەربەخۆ بەشداری بكەن، ئەوان دەڵێن مەبەستیان لەو هەنگاوە تەنیا ئەوە بوو كە سەنگی خۆیان بزانن، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی. چاوەكان ئێستا لەسەر ئەوەن ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە چۆن دەبێ كە بڕیارە لە 21/9/2013 بەڕێوەبچێ. بەرپرسێكی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێشنیازێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەخاتەڕوو، بە جۆرێك چیدی حكومەت بە تەنیا لە دەستی پارتی و یەكێتیدا نەبێت.

پێشنیازەكە چییە؟

دڵشاد عەبدولڕەحمان، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێیوایە دەبێ لەمەودوا حكومەتی “بنكە فراوان” پێكبهێنرێ تاوەكو “سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان دروست ببێ و پێگەی ئەم هەرێمە بەرامبەر بە بەغدا و دەوڵەتانی دەوروبەر بەهێزتر ببێ”.

لایەنە ئیسلامییەكان (كۆمەڵ و یەكگرتوو) دەڵێن چیدی بەشداری لە حكومەتێكدا ناكەن ئەگەر تەنیا بۆ بەشداریپێكردن بێ. بەڵكو دەبێ شەریك بن لە حكومەتی داهاتوودا نەك “بەشدار”. هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە پێیوایە حكومەتی داهاتوو بەسەرۆكایەتی ئەوان دەبێ و حوكمی پارتی و یەكێتی كۆتایی دێت.

دەبێ شەریك بن نەك بەشدار

دڵشاد عەبدولڕەحمان، بۆچوونەكەی زیاتر لە بۆچوونی هەردوو پارتە ئیسلامییەكە نزیكە و دەڵێ “خۆزگە دەخوازم پارتی و یەكێتی بیر لە بەشداركردنی لایەنەكانی دیكە نەكەنەوە لە حكومەتی داهاتوودا، بەڵكو بیر لە شەراكەتی لایەنەكان بكەنەوە و لە هەموو شتێكدا شەریك بن تاوەكو ئەوانیش تەحەمولی بەرپرسیارێتی بكەن”.
راوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە حیزبەكەی لەساڵی 2006ەوە لەگەڵ پارتیی هاوپەیمانی حكومەتی هاوبەش بەڕێوەدەبەن، بە (رووداو)ی گوت “ئێستا هەرێمی كوردستان لە قۆناغی بنیاتناندایە و پێویستە هەموو لایەنێك لەو قۆناخە بەشداربێ نەك پارتی و یەكێتی بەتەنیا رەسمی سیاسەتی ئەم هەرێمە بكێشن”.

بەبێ ئۆپۆزیسیۆن گرژی روودەدات

دڵشاد عەبدولڕەحمان هۆشداری دەدات كە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بەشدار نەبێ لەپێكهێنانی حكومەتی داهاتوودا ئەوا دەبێ هەرێمی كوردستان چاوەڕێی سەرهەڵدانی گرژییەكی نوێ بكات “ئەگەر حكومەتی بنكە فراوان دروست نەبێ، ئەوا هەرێمی كوردستان دوای هەڵبژاردن بەرەو گرژییەكی گەورە دەڕوات، بۆیە قۆناغی دوای هەڵبژاردن پێویست بە ئۆپۆزیسیۆن ناكات و دەبێ هەموو لایەنێك بەشداربێ لە حكومەتدا”.

قسەكانی راوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوور نەبوون لە گوتەكانی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە رۆژی 7/9/2013 رایگەیاند “ئومێد دەكەم هەرێمی كودستان لە دوای هەڵبژاردنەكان ئارام بێ”.

دیارە دڵشاد عەبدولڕەحمان كە لەشاری سلێمانی نیشتەجێیە و نزیكە لەو گردەی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان تێیدا سیاسەت دەكات، درك بەوە دەكات ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵات نەگرنە دەست یاخود شەریك نەبن لە حكومەتی داهاتوودا، ئەوا دەبێ هەرێمی كوردستان چاوەڕێی پێشهاتی نوێ بكات كە بە بۆچوونی راوێژكارەكەی یەكێتی “پەراوێزخستنی ئۆپۆزیسیۆن نامۆیی دروست دەكات”.

ئۆپۆزیسیۆن زەرەر بووە

راوێژكارەكەی یەكێتی رەخنە لە ئەدای ئۆپۆزیسیۆن دەگرێ لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا و پێیوایە جگە لە زەرەر و زیان هیچی دیكەی بە هەرێمی كوردستان نەگەیاندووە “بوونی ئۆپۆزیسیۆن لەماوەی چوار ساڵی رابردوو بە زیان بۆ هەرێمی كوردستان شكایەوە نەك قازانج، چونكە یەكێتی و پارتی لەدوای 2009 حیزبایەتیان لە نێو حكومەت زیاتركرد نەك كەمتر، كاری زیاتریان بۆ مانەوەی خۆیان كرد، چونكە ئۆپۆزیسیۆن كاریان بۆ لەنێوبردنی هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە دەكرد”.

سفركردن نییە

سەبارەت بەقسەكانی نەوشیروان مستەفا كە دەڵێ بەرەو دەسەڵات دەچین و دەسەڵاتی ئەم هەرێمە دەگرینە دەست، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێیوایە گۆڕان بە ژیرانە كاردەكات “كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ بەرەو دەسەڵات دەچین، ئەوا بەزیرەكانە مامەڵە دەكات، بەڵام ئەمە وا ناگەیێنێ كە ئەمڕۆ قۆناغی سفركردنی یەكدییە “چونكە كەس ناتوانێ ئەوەی دیكە سفر بكات. بەڵام ئایا گۆڕان دەسەڵات دەگرنە دەست؟ چونكە ئەگەر بەشداری لە حكومەتدا نەكەن، ئەوا بەڕێوەبەری قۆتابخانەیەكیش لە ئۆپۆزیسیۆن نابێ”.

پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستاندا زیاتر لە 40 كورسی دەبات، بەپێی دوایین راپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حیزبەش كە پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دراوە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 20 كورسی، گۆڕان 16 كورسی، یەكگرتوو 11 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی 4 كورسی بەدەستدێنن.

پێشتر جەعفەر ئیبراهیم، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندبوو “هەر هێزێك كە بەشداری لە حكومەتی داهاتوودا بكات دەبێ بەگوێرەی دەستكەوتی هەڵبژاردن بەشداربن، واتە چەند كورسی بەدەستدێنن ئەوەندە دەسەڵاتیان دەبێ”.

رەنگە ئەم هەڵوێستەی پارتی بۆ یەكێتی هەندێ قورس بێت كە لە حكومەتی داهاتوودا نیوەی دەسەڵاتی پارتییان نابێ، ئەگەر بە گوێرەی راپرسییەكەی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی بێ.

دڵشاد عەبدولڕەحمان، كە لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزیری پەروەردە بوو، پێشنیازێك لەبارەی شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەخاتەڕوو كە بە بڕوای ئەو رەنگە ببێتە هۆی سەقامگیری لەهەرێمی كوردستان.

بەبڕوای دڵشاد عەبدولڕەحمان ژمارەی كورسییەكان پێوەر نین بۆ سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو دەبێ رووی جوگرافی و پێگەی سلێمانی رەچاوبكرێ لە هەر حكومەتێكدا “هەرێمی كوردستان جگە لە رەچاوكردنی ژمارەی ئاسایی كورسییەكان دەبێ رەچاوی دابەشبوونی جوگرافیش بكات، راستە پارتی هەولێر و دهۆك بەدەست دێنێ، بەڵام ناكرێ سلێمانی لەبیربكرێ یاخود پەراوێزبخرێ، چونكە ئەوكات حكومەتێكی نا سروشتی دەردەچێ و لەگەڵ حكومەتی ناوخۆیی (ئیدارەی پارێزگاكان) بەتایبەت لەسلێمانی تووشی كێشەی زۆر دەبێ”.

پێشنیازەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو

راوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشنیاز دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، كە:
- سەرۆكایەتی حكومەت لەنێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕاندا دابەشبكرێ.
- سەرۆكایەتی حكومەت دوو ساڵ بۆ پارتی و دوو ساڵی دیكە بۆ یەكێتی و گۆڕان بێ.
- رەنگە دوو ساڵەكەی نێوان گۆڕان یەكێتی یان ئەوەتا هەر ساڵێك بۆ لایەنێك بێ یان لەنێوان گۆڕان و یەكێتی كام لایەن زیاتر كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێ دوو ساڵەكە بۆ ئەو لایەنە بێت.
- سەرۆكی حكومەت دوو جێگری هەبێ، كە ئەو دوو جێگرە لە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕاندا بمێنێتەوە.
-سەرۆكی پەرلەمان لە نێوان پارتی و یەكێتیدا بێت و جێگرەكەشی بۆ ئیسلامییەكان بێ و ئەمە دەستكاری نەكرێ.
سەبارەت بە وەزارەتەكانیش، راوێژكارەكەی یەكێتی ئەوە بە “كێشە” نازانێ و دەڵێ “ئەگەر لەسەر سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان رێككەوتن ئەوا وەزارەتەكانی نابنە كێشە”.

بەبڕوای دڵشاد عەبدولڕەحمان ئەگەر حكومەتی داهاتوو بەو شێوەیە پێكبهێنرێ، ئەوا وادەكات ئەم هەرێمە “سەقامگیر بێ”. دڵشاد عەبدولڕەحمان بەراشكاوانە دەڵی “ناكرێ پارتی تاوەكو هەشت ساڵی دیكە حكومڕانی بكات”. ئەو دەڵێ ناكرێ لایەنێك پارێزگایەكی بەدەستەوە بێ (باس لە یەكێتی دەكات لە سلێمانی) سەروەت و سامان و نەوتی هەبێ و “حكومەت نەگرێتە دەست، ئەمە راستییەكەیە، راستییەكەش تاڵە”.

عەبدولڕەحمان دەڵێ “من دوور سەیر دەكەم و دەخوێنمەوە، ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بڕوات و سلێمانی دەسەڵاتی ئەم هەرێمە نەگرێتە دەست ئەوا منداڵەكانی ئێمە دوای 20 ساڵی دیكە شەڕی یەكدی دەكەن و وەكو یەمەن یەكدی دەكوژن”.
ئەگەر پێشنیازەكەی راویژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەریگرت ئەوا بەبڕوای دڵشاد عەبدولڕەحمان پێویستە تاوەكو هەشت ساڵی دیكە بەردەوام بێ تا ئەو كاتە “مافی هاووڵاتیبوون دروست ببێ و خەڵك لە رێگەی حیزبەوە دانەمەزرێن و هەموو كەس وەكو یەك بن لەم هەرێمە، ئەوكات ئەگەر حیزبێك دەنگی رەهایش بەدەست بهێنێ، كێشە نییە حكومەت بەتەنیا پێكبهێنێ”.

سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت

دڵشاد عەبدولڕەحمان باسی چەند سیناریۆیەك و دەرهاویشتەكانی دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو:

- ئەگەر پارتی و هێزە ئیسلامییەكان بەبێ یەكێتی و گۆڕان حكومەت پێكبهێنن ئەوا ئەوكات مەترسی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان هەیە و سلێمانی جیادەبێتەوە و دەستووری عێراقیش ئەو مافەی داوەتە پارێزگایەك كە ببێتە هەرێمێكی فیدراڵیی سەربەخۆ.
- ئەگەر پارتی و گۆڕان یەكیانگرت و حكومەتی داهاتوو بەبێ یەكێتی پێكهێنرا، ئەوا یەكێتی وا بە ئاسانی دانانیشێ و كێشەی گەورە دروست دەبێ.
- ئەگەر یەكێتی و گۆڕان و ئیسلامییەكان یەكیانگرت و پێكەوە حكومەت دروستبكەن بەبێ پارتی، ئەوا سەرناگرێ، چونكە كەس ناتوانێ پارتی بسڕێتەوە و پارتیش ناسڕدرێتەوە.
-راستییەكە ئەوەیە ئەگەر رەچاوی باری جوگرافی نەكرێ لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوودا ئەوا سلێمانی جیادەبێتەوە
- راستییەكی دیكەش هەیە نە گۆڕان و نە یەكێتی لە بادینان 10% پێگەیان هەیە و نە پارتیش لە سلێمانی 10%ی پێگەی هەیە.
دڵشاد عەبدولڕەحمان پێیوایە “ئەم سیناریۆیانە دەكرێ بۆ پێكهێنانی حكومەتی ناوخۆی پارێزگاكان سەربگرێ، بەڵام بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نابێ، چونكە كام لایەن لە حكومەتدا نەبێ ئەوە گرژیی گەورە لە هەرێمی كوردستان روودەدات”.
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر لە بەرنامەی كەوانەی سوور لە كەناڵی (رووداو) گوتبووی “بەدیلی یەكێتی بۆ پارتی هەر یەكێتییە”. هەروەها گوتی “لە هەڵبژاردنی داهاتوو وەزعی یەكێتی باش دەبێ و دەتوانین لەگەڵ یەكێتی و كۆتاكان زۆرینەیەكی موریح بەدەستبهێنین و پێكەوە حكومەت پێكبهێنین”.
پێشنیازەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو:

- سەرۆكایەتی حكومەت لەنێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕاندا دابەشبكرێ.
- سەرۆكایەتی حكومەت دوو ساڵ بۆ پارتی و دوو ساڵی دیكە بۆ یەكێتی و گۆڕان بێ.
- رەنگە دوو ساڵەكەی نێوان گۆڕان یەكێتی یان ئەوەتا هەر ساڵێك بۆ لایەنێك بێ یان لەنێوان گۆڕان و یەكێتی كام لایەن زیاتر كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێ دوو ساڵەكە بۆ ئەو لایەنە بێت.
- سەرۆكی حكومەت دوو جێگری هەبێ، كە ئەو دوو جێگرە لە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕاندا بمێنێتەوە.
-سەرۆكی پەرلەمان لە نێوان پارتی و یەكێتیدا بێت و جێگرەكەشی بۆ ئیسلامییەكان بێ و ئەمە دەستكاری نەكرێ.


سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت:

- ئەگەر پارتی و هێزە ئیسلامییەكان بەبێ یەكێتی و گۆڕان حكومەت پێكبهێنن ئەوا ئەوكات مەترسی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان هەیە و سلێمانی جیادەبێتەوە و دەستووری عێراقیش ئەو مافەی داوەتە پارێزگایەك كە ببێتە هەرێمێكی فیدراڵیی سەربەخۆ.
- ئەگەر پارتی و گۆڕان یەكیانگرت و حكومەتی داهاتوو بەبێ یەكێتی پێكهێنرا، ئەوا یەكێتی وا بە ئاسانی دانانیشێ و كێشەی گەورە دروست دەبێ.
- ئەگەر یەكێتی و گۆڕان و ئیسلامییەكان یەكیانگرت و پێكەوە حكومەت دروستبكەن بەبێ پارتی، ئەوا سەرناگرێ، چونكە كەس ناتوانێ پارتی بسڕێتەوە و پارتیش ناسڕدرێتەوە.
-راستییەكە ئەوەیە ئەگەر رەچاوی باری جوگرافی نەكرێ لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوودا ئەوا سلێمانی جیادەبێتەوە
- راستییەكی دیكەش هەیە نە گۆڕان و نە یەكێتی لە بادینان 10% پێگەیان هەیە و نە پارتیش لە سلێمانی 10%ی پێگەی هەیە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە