رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەنگاریا لە یەکەم سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان، پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرد. دواتر سەرۆکی هەنگاریا چووە دوو شارۆچکەی تلسقۆف و ئەلقۆش و چەند شوێنێکی بەسەرکردەوە.
سەرۆکی هەنگاریا بە سەردانێکی دوو رۆژە لە هەرێمی کوردستانە و بڕیارە رۆژی شەممە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە.
کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 09-12-2022، چووە شارۆچکەی تلسقۆف لە دەشتی نەینەوا و چەند شوێنێکی بەسەرکردەوە، لەوانەش ساوایانی بەیتول بەشارە و کەنیسەی مارگارگۆگیس.
ژمارەیەک مامۆستای ئایینی کریستیان و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کەسانە بوون لە تلسقۆف پێشوازییان لە سەرۆکی هەنگاریا کرد.
دواتر سەرۆکی هەنگاریا لە کەنیسەی مارگۆرگیس لەگەڵ پیاوانی ئایینی کریستیان کۆبووەوە و هەر لەوێش نوێژیان خوێند. هەر لەو کەنیسەیەدا دیارییەک لە لایەن مەترانی تلسقۆف و دەوروبەرییەوە پێشکێشی سەرۆکی هەنگاریا کرا کە خاچێک بوو.
نزیکەی کاژێر 4ی ئێوارەی ئەمڕۆش سەرۆکی هەنگاریا سەردانی شارۆچکەی ئەلقۆشی لە دەشتی نەینەوا کرد و دواتر گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.