قایمقامی چەمچەماڵ: 2 کەس گیانیان لەدەستدا، 12 کەس بریندار بوون و سبەی پشووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی قایمقامی چەمچەماڵ
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی قایمقامی چەمچەماڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری فەرمیی قوربانییانی لافاوە کارەساتبارەکەی راگەیاند و پشتڕاستی کردەوە کە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ 12 کەس بەرزبووەتەوە. هاوکات رایگەیاند، بۆ کارئاسانیی تیمەکانی فریاکەوتن و پاککردنەوە، سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زۆربەی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەبێتە پشووی فەرمی.
 
دوای ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕەی کە ناوچەکەی گرتەوە، لافاوێکی گەورە لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش دروست بوو و زیانێکی زۆری گیانی و مادی لێکەوتەوە.
 
ئاماری فەرمی: دوو گیانلەدەستدان، 12 بریندار و زیاتر لە 500 ماڵی زیانلێکەوتوو
قایمقامی چەمچەماڵ لە سەرەتای قسەکانیدا رایگەیاند: "بەداخەوە، بەهۆی کەشوهەوا و بارانی زۆرەوە، ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ تووشی رووداوی ناخۆش بووین؛ لەگیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتییەوە بیگرە تاوەکو برینداربوونی 12 هاووڵاتی."
 
قایمقامی چەمچەماڵ قەبارەی زیانە مادییەکانی بە "بێشومار" ناوبرد و رایگەیاند، زیانەکان ئۆتۆمبێل، ماڵ و دوکانەکانی گرتووەتەوە. لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەڤاناندا، رەمک رەمەزان ژمارەیەکی سەرەتایی ئاشکرا کرد و گوتی: "تائێستا کە قسە دەکەین، زیاتر لە 500 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە."
 
جگە لە ماڵی هاووڵاتییان، زیانێکی زۆر بەر فەرمانگە حکومییەکانیش کەوتووە، لەوانە: "تاپۆ، پاسپۆرت، رۆشنبیری، قایمقامییەت، پەروەردە" و چەندین فەرمانگەی دیکە.
 
سبەی لە چەمچەماڵ پشووە

 

رەمک رەمەزان بڕیاری حکومەتی بۆ راگرتنی دەوام لە سنوورەکەدا راگەیاند و گوتی: "بەیانی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن کردوومانەتە پشوو، چ خوێندنی باڵا، بە زانکۆ و پەیمانگاکانەوە، چ پەروەردە. هەروەها لە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دیکەش پشووە."
 
رەمک رەمەزان گوتی، ئەم بڕیارە تەنیا ئەو فەرمانگانە ناگرێتەوە کە "ئەمڕۆ راسپێردراون بەیانی بێنەوە دەوام بۆ ئەوەی شارەکە پاک بکەینەوە و ئەو شوێن و جێگایانەی زیانیان بەرکەوتووە، ئەو لیژنەیەی رامانسپاردوون ئامار وەربگرن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە ئومێدەوە بتوانین قەرەبوویان بکەینەوە."
 
قایمقامی چەمچەماڵ سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە بە خێرایی بەدەم کارەساتەکەوە چوون. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان، کەمیی ئامێری قورس بوو بۆ پاککردنەوە. قایمقامی چەمچەماڵ لەمبارەیەوە گوتی: "پێویستیمان بە تیم نییە، بەڵام پێویستیمان بە ئامێرە."
 
رەمک رەمەزان گوتی، لەسەر داوای ئەوان، پارێزگاری کەرکووک هاوکاریی کردوون و رایگەیاند: "ئێستا زیاتر لە 7 ئامێری شارەوانیی پارێزگاری کەرکووک گەیشتوونەتە شارەکە و لە هەڵمەتی پاککردنەوەدان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە