موسڵمانانی ئەمریکا داوا دەکەن دۆناڵد ترامپ داوای لێبوردن بکات

10-01-2016
رووداو @Rudawkurdish
...
...
نیشانەکردن دۆناڵد ترامپ
A+ A-

رووداو- ئەمریكا

گرووپێکی پارێزەرانی مافەکانی موسڵمانان لە ئەمریکا داوا دەکات دۆناڵد ترامپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، داوای لێبووردن لە موسڵمانان و خەڵکی ئەمریکا بکات.

هۆکاری ئەو داوایەی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و موسڵمانان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە کەمپەینێکی بانگەشەی ترامپ ژنە موسڵمانێک دەرکرا، پاش ئەوەی رەخنەی ئاراستەی کرد.

دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا کەمپینێکی لە کارۆلینای باشوور بەڕێوەبرد، بەڵام ئەو کەمپینە ئاڵۆزی تێکەوت، کاتێک ترامپ ئافرەتێکی موسڵمانی لە هۆڵەکە کردە دەرەوە.

رۆز حەمید، تەمەنی 56 ساڵە و خەڵکی کارۆلینای باکوورە دەڵێت، ئەو تەنیا دەیویست بە لایەنگرانی ترامپ رابگەیەنێت، کە ئەو کاندیدە خەریکە رق و کینە لە نێو کۆمەڵگا جیاوازەکانی ئەمریکادا دروستدەکات.

رۆوز حەمید گوتیشی "بەنیازی شێواندنی کەمپینەکە نەبووم. بە نیازی نانەوەی پشێوی نەبووم. مەبەستم تەنیا ئەوەبوو خەڵک بزانێت کە ئەمە رێگایەکی شیاو نییە کاندیدێکی سەرۆکایەتی قسەی پێدەکات".

رۆز حەمید یەکەم کەس نەبوو لە کەمپینەکەی ترامپ دوورخرایەوە، بەڵکو بەدوای ئەوەدا ژمارەیەک ئامادەبوو لە ئاینە جیاجیاکان ئیدانەی کەمپینەکەیان کرد و هۆڵەکەشیان جێهێشت.

ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی موسڵمانانی ئەمریکا داوا دەکات ترامپ لە بەرامبەر هەڵسوکەوتەکەی دژی ئافرەتە موسڵمانەکە داوای لێبوردن بکات. ترامپیش ئۆباڵی هەموو کێشەکان دەخاتە ئەستۆی سەرۆکی ئەمریکا.

ترامپ  گوتی "ئۆباما ئیسلامی رادیکاڵ ناناسێت، تەنانەت نایەوێت واشی ناوبنێت، ئەگەر وا ناوی نەنێت هەرگیز ناتوانی چارەسەریشی بکەی. من ئەم یارییە باشدەزانم بەڵام...."

دۆناڵد ترامپ لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانیدا بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ هاتنی کۆچبەر و موسڵمانان بۆ ئەمریکا دەربڕیوە، ئەو دژایەتیکردنەی ترامپ کاردانەوەی تووندی دیموکراتەکان و موسڵمانانی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێناوە، تەنانەت بەشێک لە دیموکراتەکان دەڵێن، رێکخراوە رادیکاڵەکان لێدوانەکانی ترامپ بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵک بۆلای خۆیان بەکاردەهێنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە