هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كۆنگرەی دامەزراندن دەبەستێت

10-01-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەرهەم ساڵح
A+ A-

رووداو - سلێمانی

قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەئامادەبوونی زیاتر لە 500 هاودیدی كۆنگرەی دامەزراندنی دەبەستێت‌، لە‌ كۆنگرەشدا سەرۆك هەڵدەبژێردرێ‌ ‌و پەیڕەوی ناوخۆ پەسەند دەكرێت.

د.رێبوار كەریم، گوتەبێژی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-1-2018 قەوارەكەیان بەئامادەبوونی زیاتر لە 500 كەس كۆنگرەی دامەزاندنی دەبەستێت.

بەئاماژەدان بەوەی 500 هاودیدەکەیان لە هەموو ناوچە جیاجیاكانی كوردستانەوە بانگهێشتكردوون، رێبوار كەریم گوتی: "بەڕێژەیەكی زۆرباش گەنج ‌و ژنان بەشداری كۆنگرەكە دەكەن".

بەپێی پێڕەوی ناوخۆی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، لە دەڤەرە جیاجیاكاندا ئەنجوومەنی گشتی كە لە 40 كەس كەمتر نییە هەڵدەبژێردرێت، دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی گشتییەوە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن هەڵدەبژدرێت كە بە سەرۆكەوە ژمارەیان 15 كەس دەبێت.

قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەسەرۆكایەتیی بەرهەم ساڵح، لە رۆژی 16ی ئەیلوولی 2017 لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان تۆماركرا. پاشان لە 27ی کانوونی یەکەم بەفەرمی مۆڵەتی کارکردنی لە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگرت.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە