رووداو- هەولێر
کۆستە رێوڕەسمێکی تایبەتە و دەگوترێ رێوڕەسمێکی کۆنی کوردە کە زیاتر لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت. ئەم رێوڕەسمە لە زۆر شوێن لەکاتی نەورۆزدا ئەنجام دەدرێت بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوەڕاستی زستاندا بەڕێوە دەچێت.
لەم رێوڕەسمەشدا هەر وەک نەورۆز بە ماڵاندا دەگەڕێن. کۆستە بە نێو ماڵەکاندا دەگەڕێ و بە هەڵپەڕێن و بەزمی خۆش و شێوازە ناشیرینەکەیەوە دڵی خەڵک خۆش دەکات و خەڵکیش بە دانی بڕێک پارە دڵی کۆستەکان خۆش دەکەن.
ئەحمەد سادق پوور کە پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانە و میوانی نووڕۆژی ئەمڕۆی رووداو بوو لەبارەی رێوڕەسمی کۆستە گوتی: "لەکاتی خۆی و ئەو سەردەمەی من منداڵ بووم رێوڕەسمەکە یەکجار باو بوو و بەتایبەت لە حوجرەکاندا زۆر دەکرا. کۆستە زیاتر بە زستاندا و پێش هاتنی مانگی رەشەممە ئەنجامدەدرا ، جلوبەرگی جۆراوجۆر و کوردی لەبەردەکرا و پەیامەکەیشی ئەوە بوو کە بەرەو کۆتایی زستان دەچین".
ئەحمەد سادق پوور هەروەها زیاتر باسی رێوڕەسمەکەی کرد و گوتی: "لەو رێوڕەسمەدا جیا کە کۆستە کە بەنێو گوند دا دەگەڕا شەمۆیش هەبوو کە ئەو نەدەگەڕا ، دەمووچاویان رەشدەکرد بەجۆرێک مرۆڤ لێی دەترسا ، ژنەکان لە پەنجەرەوە سەیریان دەکرد و پیاوانیش لە دەرەوە بوون".
کۆستە زیاتر بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی بەڕێوە دەچێت. بەڵام رێوڕەسمی کۆستەی ئەمساڵ وەک خەڵکی ئەو ناوچانە باسی دەکەن خۆشی ساڵانی نییە لەبەر ئەوەی کۆستە دەربڕینی خۆشییە بۆ زستان و سپاسێکە بۆ بەفر و باران بارین ، بەڵام ئەمساڵ زۆر بە کەمی بەفر باریوە.
کۆستە هەروەها رێوڕەسمە بۆ نیشاندانی جلوبەرگی زۆر کۆنی ناوچە شاخاوییەکان. ئەمجۆرە جلوبەرگە بۆ خۆپاراستن لە سەرمای زۆر لەبەر کراوە.
بە تەمەنەکان باس لەوە دەکەن کە کۆستە بۆ 350 تا 400 ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. دەگوترێ ئەو شێوازە جلوبەرگە بۆ بەرگری و خۆپاراستن لە سەرما لە ناوچە شاخاوییەکان دروستکراوە. ئێستاش تەنیا بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکانی کۆستە بەکار دەهێنرێ.
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ