رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی، کە ئەندامی ئەو شاندەیە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، رایگەیاند، سەردانەکەیان لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیە.
شاندی دەم پارتی رۆژی 16-2-2025 سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی سرری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
شاندەکە هەروەها رۆژی 17-2-2025 سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆدەبێتەوە.
"ئۆجەلان داوای کرد سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین"
بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە ئەندامی شاندەکەیە، بووە میوانی گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە شاندی دەم پارتی کردووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، هەروەها داوای کردووە سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە شاندەکەدا ئەندامانی شاندی ئیمراڵی پەروین بوڵدان و سرری سورەیا ئۆندەر، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە و ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەکییەکان و بەرپرسانی دەم پارتی بەشدارن.
ئۆزتورک باسی وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکەی کرد و گوتی ":شاندەکەمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبووەوە. بەڕێز ئۆجەلان داوای کرد بۆچوونەکانی خۆی لەگەڵ کاک مەسعود، کاک نێچیرڤان، کاک بافڵ و کاک قوباد باس بکات و ئەگەر تەندروستی باش بێت لەگەڵ هێرۆخانیش کۆببێتەوە. شاندەکەمان بۆچوونەکانی ئەوان وەردەگرێت و ئەگەرێکی زۆر هەیە جارێکی دیکە سەردانی ئیمراڵی بکاتەوە."
شاندەکە هیچ پەیامێکی نووسراوی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێ نییە، بەڵام ئۆزتورک دەڵێت: "ئۆجەلان بۆچوونەکانی خۆی بە شاندەکە گوتووە و داوای کردووە بۆچوونەکانی ئەوانیش وەربگرێت. بۆچوونەکانی زارەکی بوون و هیچ شتێکی نووسراو نییە. ئێوە دەزانن کێشەی کورد رۆژ بە رۆژ قووڵتر دەبێتەوە. ئەم پرۆسەیە لەسەر بانگەوازی سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی دەستی پێکرد. کێشەکە قووڵ دەبێتەوە و دەوڵەتیش ئەمەی بینی. گوتەکانی کاک مەسعود زۆر گرنگن. هەموو کاتێک رۆڵیان هەیە. ئێمە بۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجەلان باس دەکەین و بۆچوونەکانی کاک مەسعودیش وەردەگرین."
"بۆچوون و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە زۆر گرنگە"
بەردان ئۆزتورک باسی دەستپێکی دیالۆگی لەگەڵ ئۆجەلان کرد و گوتی:"ئەم بۆچوونانە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەک کە دیالۆگ بگۆڕێت بۆ رێگەی پرۆسەی ئاشتی زۆر گرنگە. لەم بارەیەوە بۆچوونەکانی کاک مەسعود زۆر گرنگن. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر شت روودەدەن. هەندێک شت دەگۆڕێن."
دەشڵێت: "ئێمە ئەمە باش دەزانین و دابەش کراوین. کراوینەتە 4 پارچە. راستە، هەر پارچەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە بەڵام کاتێک لە پارچەیەک هەنگاوێک دەنرێت کاریگەری لەسەر داهاتووی کورد دەبێت. ئەو شتانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن کاریگەرییان لەسەر گەلی کورد و هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە. لە هەرێمی کوردستان کیانێکمان هەیە، بەڕێوەبەرییەکی ستاتوومان هەیە. بۆچوون و هەڵوێستی ئەو زۆر گرنگە".
"دەرفەت هەبێت دەچینە رۆژئاوای کوردستانیش"
ئەو بەرپرسەی دەم پارتی هەروەها باسی لە گرنگیی کۆنگرەی نەتەوەیی کرد و جەختیکردەوە کە ئەوان هەمیشە لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی دان، کە ساڵی 2013 گەیشتبووە ئاستێکی باش.
بەردان ئۆزتورک گوتی: "ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت، بۆ داهاتووی گەلەکەمان و هەر چوار پارچەی کوردستان کاریگەریی دەبێت. ئەگەر دەرفەت هەبێت، دەمانەوێت بچینە رۆژئاوای کوردستانیش. دەمانەوێت بۆچوونی پارتەکانی رۆژئاوای کوردستانیش بزانین و بۆچوونیان وەربگرین. دەرفەت بڕەخسێت یان نا، ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە دەکەین".
"کاتی پەیامەکەی ئۆجەلان هێشتا دیار نییە"
لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە میدیای تورکیا و ناوچەکە چاویان لەسەریەتی و چاوەڕێن بەردان ئۆزتورک گوتی: "لەنێوان بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکە و بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکەدا بێگومان شت باس کراون. ئەگەر پەیامێک یان نامەیەک نێردرابێت من ئاگادار نیم. ئەو راگەیێندراو و پەیامە چۆن دەبێت و بە چ شێوازێک دەبێت هێشتا دیار نییە. هێشتا پرۆسەکە دەستیپێنەکردووە و دیالۆگە. ئەم دیالۆگەش بە دەستپێشخەریی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد و زۆر گرنگە. ئەگەر ئەو دیالۆگە بگۆڕێت و ببێتە پرۆسە، شتێکی مێژوویی دەبێت. ئەوانەی دەوڵەت باخچەلی باسی کردوون بۆ ئێمە زۆر گرنگن".
پێشتر تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند لە رۆژانی داهاتوودا عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێک بڵاودەکاتەوە.
سەبارەت بە سەردانی دیکەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتی: "ئێمە بۆچوونەکانی بەڕێز مەسعود بارزانی وەردەگرین و دوای گەڕانەوەمان، لە دیداری ئیمراڵی ئەو بۆچوونانە لەگەڵ ئۆجەلان باس دەکەین. شاندی دەم پارتی ئامادەکاری دەکات تاوەکو جارێکی دیکە سەردانی ئیمراڵی بکاتەوە. ئەو سەردانەی باشووری کوردستانیش لەم چوارچێوەیەدا دەبێت. وەک گوتم ئەگەری هەیە شاندەکە دیسان سەردانی ئیمراڵی بکاتەوە."
چی روویدابوو؟
رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد.
شاندەکە لە سرری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەحمەد تورک، سەرۆکی قەییومکراوی گەورەشارەوانیی مێردین پێکهاتووە.
ئەو شاندە دوای سەردانی ئیمراڵی، لەگەڵ زۆربەی پارتە بەهێزەکانی تورکیا و چەند کەسایەتییەکی گرنگ کۆبووەوە و دووبارە سەردانی ئیمراڵیی کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ