رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ رۆژی جلوبەرگی نەتەوەییە لە کوردستان، جگە لە جلوبەرگی کوردی، سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەش جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان دەپۆشن و لەم رۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت.
رۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی تەنیا 11 رۆژ پێش نەورۆزە، بەمەش قوتابیان چانسیان دەبێت پێش نەورۆز جلوبەرگی کوردی بپۆشن. لە رۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی لە زۆربەی قوتابخانە و زانکۆکانی کوردستان چالاکی جۆراوجۆر دەکرێن و نیشاندانی جلوبەرگی نەتەوەیی، دەبێتە تەوەری سەرەکی چالاکییەکان.
هەولێر
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خوێندکاران لە قوتابخانەیەکی هەولێر یادەکەی کردەوە. وەزیری پەروەردە بە رووداوی راگەیاند "ئەرکە لەسەرمان رۆژی جلی نەتەوەیی بەرز رابگرین". دەشڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە بۆنە نیشتمانییەکانی کورد، بایەخی بۆ رۆژی پێکهاتە و ئاینزاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش داناوە".
لە قوتابخانەکانی عەینکاوە کە زۆربەی دانیشتووانەکەی مەسیحین، قوتابییان بەهەمان شێوە بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان چوونە قوتابخانە و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕا و چالاکیی جۆراوجۆریان ئەنجامدا.
سلێمانی
لە سلێمانی بە گەرمی پێشوازی لەم رۆژە کرا، کچانی شارەکە هەندێکیان بە جلوبەرگی ستایلی نوێ و هەندێکیشیان بە جلوبەرگی شێوازی فۆلکلۆری لەم رۆژەدا دەردەکەون.
قوتابییەکی ئامادەیی شیرینی کچان لە سلێمانی کە لەو رۆژەدا جلوبەرگی فۆلکلۆریی پۆشیوە دەڵێ "من سەڵتە و کراسم پۆشیوە، کە کوردەوارییانەیە. حەزم لە جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردییە، بۆیە ئەمانەم پۆشیوە".
دهۆک
لە دەڤەرە جیاوازەکانی دهۆکیش بەهەمان شێوە یادی رۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی بەرز راگیرا و جگە لە جلوبەرگ، گرنگی بە نمایشکردنی کەرەستەی کوردەواری درا.
مامۆستا رەقیب فەرحان بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەفینە لە دهۆک و دەڵێ "لەمڕۆژەدا پیرۆزبایی لە خانەوادەی شەهیدان دەکەین. ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ئازادیمان بە قوتابییەکان داوە بەوەی ئەمڕۆ بە جلوبەرگی نەتەوەیی دەوام بکەن، لەڕاستیدا ئێمە حەزمان دەکرد هەموو رۆژێک رۆژی جلوبەرگی کوردی بووایە، ئێمە هەروەها حەزمان دەکرد هەمووان جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان بپۆشن".
کەرکووک
لە قوتابخانەی شۆریجە پۆلێک خوێندنی کوردییە و پۆلێک خوێندنی عەرەبییە، جیا لە خوێندکارانی کورد کە جلوبەرگی کوردیان پۆشیوە، خوێندکارانی دیکەی عەرەب و تورکمان جلوبەرگی نەتەوەکانی خۆیان پۆشوە.
خوێندکارێک کە جلوبەرگی کوردی پۆشیوە، دەڵێ "ئێمە ئەمڕۆ هیچ رێگرییەکمان لێنەکراوە لە یادکردنەوەی ئەم رۆژە و پۆشینی جلوبەرگی کوردی". خوێندکارێکی دیکەش دەڵێ "بەس نییە کورد رۆژێکی هەیە بۆ پۆشینی جلوبەرگی کوردی کە خۆی تێدا دەدرەوشێنێتەوە!".
هەروەها خوێندکارێکی دیکەی خوێندگەکە کە عەرەبە و بە جلوبەرگی نەتەوەیی عەرەبەوە ئامادەبووە، دەڵێ "ئەمڕۆ هەستێکی خۆشم هەیە بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی".



