رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە ئاشکرای دەکات، "ئۆجەلان پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمار کردووە،" بەڵام نازاندرێت ئەو پەیامە چۆن بڵاودەکرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "هەرچەندە هێزی هەرێمی هەن دژایەتیی پرۆسەکە دەکەن، بەڵام ئەمجارە ئاشتی دێتەدی."
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە شاندی دەم پارتی سەردانەکانی بۆلای لایەنە سیاسییەکان دەستپێبکاتەوە و باسی پرۆسەی ئاشتی و پەیامەکەی ئۆجەلان بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-03-2025 ئیمام تاشچئەر، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، روونیکردەوە، "سەردانەکان بۆ باسکردنە لە پێڤاژۆی ئاشتی و دوایین پەیامی ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە."
رۆژی 27-02-2025 شاندی ئیمراڵی، پەیامێکی نووسراوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان خوێندەوە، پەیامەکە بە "دەستخەتی ئۆجەلان" لە 25-02-2025 نووسرابوو، تێیدا بانگی لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و لە بەرامبەردا بەرپرسیارێتییە مێژووییەکەی چەک دانانەکە دەگرێتە ئەستۆ.
زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەرێوەبەریی کەجەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پەیامەی بڵاوبووەتەوە، "دەستخەتی ئۆجەلان بوو، دەستخەتەکە دەناسمەوە."
ساڵانە لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، لە باکووری کوردستان ئاهەنگ و چالاکیی جیاواز ئەنجام دەدرێن، بەتایبەتی نەورۆزی ئامەد ساڵانە پەیامی سیاسیی تێدا دەخوێندرێتەوە. لە نەورۆزی 2013ی ئامەد، پەیامی ئۆجەلان خوێندرایەوە بۆ ئاشتی. پێش ئەوەی شاندی ئیمراڵی پەیامەکە بخوێنێتەوە، دەگوترا پەیامەکەی ئۆجەلان ڤیدیۆیی دەبێت، لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئەو پەیامە لە نەورۆزدا دەخوێندرێتەوە یان نا، ئیمام تاشچئەر بە رووداوی گوت، "پەیامێکی ڤیدیۆیی بەڕێز ئۆجەلان تۆمار کراوە، بەڵام نازانرێت کەی بڵاودەکرێتەوە، ئەوەی خوێندرایەوە، نێوەڕۆکی پەیامە ڤیدیۆییەکە بوو."
لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا ئاماژە بە پەکەکە کراوە، پەکەکەش لە کاردانەوەی پەیامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان پابەند دەبن و دەبێت هەموو رێکخستنەکانی پەکەکەش پێیەوە پابەند بن، بەڵام تاوەکو ئێستا بە روونی دیارنییە، یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە، کە لە رۆژئاوای کوردستانە و تورکیا بە باڵێکی پەکەکە ناوی دەبات، چەک دادەنێت یان نا.
لەوبارەوە تاشچئەر رایگەیاند، "هیچ پەیامێک نییە بۆ یەپەگە تاوەکو چەک دابنێت، دۆخی سووریا هێشتا ناسەقامگیرە، دەوڵەتێکی متمانەپێکراو نییە تاوەکو یەپەگە چەک دابنێت، ئاخر ئەوان چەک دابنێن لە بەرامبەر چی دایبنێن؟ بۆیە پێموایە چەک دانانی یەپەگە سەختە، چونکە دواتر ناتوانێت خۆی بپارێزێت."
ئیمام تاشچئەر بە پرۆسەی ئەمجارەی ئاشتی و هەنگاوەکانی گەشبینە و پێیوایە، "هەرچەندە هێزی هەرێمی هەن نایانەوێت ئاشتی بێتە کایەوە و لە 2009 و 2013 و 2015 بوونە بەربەست، دوورنییە ئەمجارەش دەستێوەردان بکەن، بەڵام پێموایە ئەمجارە پرۆسەی ئاشتی دێتەدی. پەکەکە و تورکیا بە شەڕ نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک، جگە لە ئاشتی هیچ رێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ