رووداو دیجیتاڵ
دوای گرژییەکی زۆر، کریملین رایگەیاند کە رووسیا بە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران "خۆشحاڵە". مۆسکۆ ئومێدەوارە لە گفتوگۆ راستەوخۆکان دا، هەردوولا بتوانن لەسەر مێزی دانوستاندن بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن، نەک لە رێگەی دەستوەردانی سەربازییەوە. وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش ئەم هەنگاوە بە شکستی "نەیارە شەڕخوازەکان" ناودەبات.
ئاندرێ باکلانۆڤ، دیپلۆماتکار و باڵیۆز: "شانسی سەرکەوتنی ئاشتی لەم ئاگربەستەدا، لە سفرەوە نزیکە."
لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستە کاتییەکە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دا هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینی. نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی ئەمریکی کە لە 7ی نیسان دا 110 دۆلار بوو، بۆ 93 دۆلار دابەزی. هەروەها نەوتی ئۆراڵی رووسیش گەیشتە 50 دۆلار. بەڵام پێشێلکردنی ئاگربەستەکە لە رۆژی پێنجشەممەدا، جارێکی دیکە نرخەکانی بەرزکردەوە.
لە ناوەندە گشتییەکانیشدا، گومان لەسەر مەبەستی راستەقینەی ئەم ئاگربەستە هەیە. خاوەنکاران پێیان وایە ئەمە تەنیا کات کوشتنە.
ئەرکان ساری، خاوەنی رێستۆرانتێکە لە مۆسکۆ و دەڵێت: "ئەم ئاگربەستە لەبەر ئاشتیخوازی ئەمریکا نییە، بەڵکو بە بڕوای من، هەم سوپای ئەمریکا و هەم ئێران بۆ جەنگی سەدەی 21 ئامادە نین. بۆیە ئێستا تەنیا راگرتنی شەڕ لە رۆژەڤدایە و هیچ مانایەکی راستەقینەی ئاشتی تێدا نابینم."
بەشێک لە چاودێران پێیان وایە قەیرانی ئێران رەهەندی قووڵتری هەیە و تەنیا بە ئاگربەست کۆتایی نایەت.
نیاز حەسەن جەلالۆڤ، خاوەنی رێستۆرانتێکی دیکەیە: "قەیرانی ئێران هێشتا دوورە لە چارەسەر، چونکە کێشەی ئیسرائیل و چەندین پرسی دیکەی ئاڵۆز لەوێ هەن. بەڵام هەر جۆرە چارەسەرێک نرخی نەوت دادەبەزێنێت، بۆیە پێویستە رووسیا خۆی بۆ نرخێکی کەمتر لەوەی مانگی ئازار ئامادە بکات."
بڕیارە رۆژی شەممە، گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان تاران و واشنتن لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.
رۆژی هەینیش شاندی هەردوولا گەیشتنە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بزانن ئایا مێزی دانوستاندن دەتوانێت ئەو گرێیانە بکاتەوە کە چەک نەیتوانی بیکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ