رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی شەقامەکانی شاری هەولێر پڕ بوون لە چاڵی قووڵ و مەترسیدار. گەڕەکی هەولێری نوێ پشکی شێری بەردەکەوێت.
وێنەکان لە شەقامەکانی 60 مەتری، 100 مەتری، رێگەی دارەتوو - مەنتکاوە و هەولێری نوێ چرکێندراون.
بوونی ئەم چاڵانە زیانی مادیی بە شۆفێران گەیاندووە و بەشێکیان دەبنە هۆی تەقاندنی تایە و تێکچوونی ئەکسڵی ئۆتۆمبێل.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بارانی زۆری ئەمساڵەوە چاڵ و چۆڵی لە شەقامەکاندا زیاد بووە. ئێمە وەک شارەوانی پلانمان بۆ هەموو سەنتەری شار هەیە بۆ چاککردنەوەی شەقامەکان."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر هۆکاری دواکەوتنی کارەکانی بۆ گرفتێکی تەکنیکی گەڕاندەوە و گوتی: "لە 10 بۆ 15 رۆژی رابردوودا کارگەی قیڕمان بەهۆی نۆژەنکردنەوەوە کاری نەدەکرد و بەو هۆیەوە کارەکان وەستابوون. پشتیوان بەخودا لەم ماوەیەدا کارگەکە دەکەوێتەوە گەڕ و هەموو ئەو شوێنانەی چاڵ و چۆڵییان تێدایە، چاک دەکرێنەوە."