جەلال پەرێشان: 11 جار لە راگەیاندنی پارتی دەرکراوم

10-09-2013
نیشانەکردن جەلال پەرشان هەڵبژاردن
A+ A-
جەلال پەرێشان، سەرۆكی لیستی پەرێشان و هەژاران، تاكە كاندیدە كە خۆی و ئەندامانی لیستەكەی هیچ پۆستەرێكیان هەڵنەواسیوە. خاوەنی كەناڵێكی وەرزشییە و لە تەلەفزیۆنەكەیەوە ئەوەندەی رێكلامی لیستی پارتی دەبینرێت، بانگەشەی لیستەكەی خۆی نابینرێت، بەڵام بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە دەڵێت دەچێتە پەرلەمان. بەڵێنیشی داوە لە هەر گەڕەكێك بۆ ماوەی 3 مانگ نووسینگەیەك بكاتەوە.

هەڤپەیڤین: هیوا جەمال

رووداو: هیچ پۆستەرێكتان نییە، بۆچی؟

جەلال پەرێشان: باوەڕم بەوە نییە ژینگە پیس بكەم. ئێستاش سیكۆتینی پۆستەرەكانی دوو هەڵبژاردنی رابردوو بە دار و دیوارەوە ماون و شارەوانی نەیتوانیوە پاكیان بكاتەوە.

رووداو: تۆش دەتوانی بەپێی رێنماییەكانی كۆمیسیۆن پۆستەر هەڵبواسی و ژینگەش پیس نەكەی؟

جەلال پەرێشان: من 20 رۆژە كەناڵێكی وەرزشیم كردووەتەوە، لەو ماوەیەدا 80 هەزار كەس سەیری كردووە، ئەوەندەم بەسە.

رووداو: ئەوانەی سەیری تەلەفزیۆنەكەت دەكەن دەنگت پێدەدەن؟

جەلال پەرێشان: بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئەوانەی سەیری تەلەفزیۆنی وەرزشی دەكەن، 90%یان دەنگ بە لیستی ئێمە دەدەن.

رووداو: چۆن ئەوە دەزانی؟

جەلال پەرێشان: دڵی خۆم وا دەڵێت.

رووداو: دڵت پاكە و دەچیتە پەرلەمان، یان بە دەنگ؟

جەلال پەرێشان: دەنگ و دڵ تەواوكەری یەكدین، ئەگەر تۆ دڵت پاك نەبێت ناتوانی دەنگ بهێنی.

رووداو: تەركیزت لەسەر چ جۆرە دەنگدەرێكە؟

جەلال پەرێشان: پێش هەموویان گەڕەكە هەژارنشینەكەی خۆم گەڕەكی مەنتكاوە، چونكە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا لەگەڵیان هەستاوم و دانیشتووم، كێشەی كارەبایان هەبووە بۆم چارەسەر كردوون، كوڕیان ژنی هێناوە حەفلەم بۆ كردوون. مەولودیان هەبووە دەفم بۆ لێداون، لە مزگەوت بانگم بۆ داون، خەڵك هەیە لە گەڕەكەكەمان سەر بە لایەنێكی دیكەیە، بەڵام دەڵێت دەنگت پێدەدەم. 75%ی خەڵكی گەڕەكەكەم دەنگم پێدەدەن.

رووداو: پێتوایە بە گەڕەكێك بچیتە پەرلەمان؟

جەلال پەرێشان: بەس گەڕەكەكەم نا، خەڵكی دیكەش دەنگم پێدەدەن، رۆژانە سەتان كەس پەیوەندیم پێوەدەكەن، بەبێ ئەوەی بیناسم دەڵێت لەبەر پاكی و راستگۆییت دەنگت پێدەدەم. 

رووداو: باشە پاكی و راستگۆیی بەسە بۆ پەرلەمان، یان دەبێ ئازا بیت و سەربەخۆبیت؟

جەلال پەرێشان: من ئەگەر بچمە پەرلەمان، دڵنیابە سەرۆكی پەرلەمان، لۆكە لە گوێی خۆی دەنێت و دەڵێت تكایە ئەو بەڵایە ببەنە دەرەوە. چونكە زۆر بڵێم و 24 كاژێر لە خەویشدا قسە دەكەم. 

رووداو: قسەكردن بەسە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵك؟

جەلال پەرێشان: بەڵێ، چونكە ئەمڕۆ دنیا دنیای قسەكردنە، دونیای گەیاندنی پەیامەكانە، منیش دەتوانم ئەوە بكەم. زۆر لەوانەی دەچنە پەرلەمان خۆیان لە خەڵك جیا دەكەنەوە، بەڵام من بچم یان نا، كە كاژێر 2 دەوامم لە پەرلەمان تەواو بوو دەچمەوە تەلەفزیۆن و دەڵێم لێدانێك گۆڵی یەكەم بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆ. 

رووداو: كەواتە تۆ پەرلەمان وەكو وەزیفە سەیر دەكەی؟

جەلال پەرێشان: من سوێندم خواردووە كە بچمە پەرلەمان لە هەموو گەڕەكێك سێ مانگ نووسینگەیەك دەكەمەوە.

رووداو: پێتوانییە ئەوە تەنیا پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە و دواتر ئەو بەڵێنانەت بیردەچنەوە؟

جەلال پەرێشان: ئەگەر ئەو بەڵێنانەم بیرچوونەوە، با جەماوەر چاوم دەربێنێ. 

رووداو: ئێوە دەڵێن سەربەخۆین، لە كوێ سەربەخۆن؟

جەلال پەرێشان: من بە شانازییەوە دەڵێم سەربەخۆم، ئەگەر سەربەخۆ نەبوومایە لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەبووم.

رووداو: هەر لەبەر ئەوەی لەنێو لیستی پارتیدا نەبووی سەربەخۆی؟

جەلال پەرێشان: من لە ئیشكردن و بیركردنەوە سەربەخۆم.

رووداو: دەڵێن 50 ملیۆن دینارت لە پارتی وەرگرتووە؟

جەلال پەرێشان: بە خودای خانووەكەی دایكم هەبوو وەرەسەیە، رێزم هەیە بۆ خوشك و براكانم كە داوای میراتیان نەكرد، من و باوكێكی پیرم لەو خانووەدا دەژیاین، خانووەكەم بە 130 هەزار دۆلار فرۆشت، 65 هەزار دۆلارم بە ئامێرەكانی تەلەفزیۆنەكە داو ئێستا ئیش دەكات. 50 ملیۆن دیناریشم داوەتە كۆمیسیۆن، هەندێك پارەشم بۆ رێكلام داناوە. ئەگەر یەك دینارم لە هەر كەسێك وەرگرتبێ با گوێم رابكێشێ و بڵێ پارەكە بهێنەوە.

رووداو: پێش ئەوەی بێیت بۆ ئەو بەرنامەیە بەرپرسێكی پارتی قسەی لەگەڵ كردووی لەسەر بەرنامەكە و پێیگوتووی قوفڵی مەكە، ئەوە چ سەربەخۆییەكە؟

جەلال پەرێشان: پەیوەندیم لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی پارتیدا هەیە و خۆم بە خزمەتكاری ماڵی بارزانی دەزانم. گرفتم لەگەڵ بەرپرسانی پارتی هەیە لە خوار ماڵی بارزانی.

رووداو: بەڵام لەلایەن بەرپرسێكی دیكەش داوات لێكراوە، كە پەشیمان ببیتەوە؟

جەلال پەرێشان: زۆر كەس پێیانگوتم، تەنانەت لە مەكتەبی سیاسی پارتیش داوایان لێكردم كە واز لەو لیستە بهێنم.

رووداو: بە چ مەرجێك بە قسەی پارتی دەكەی و واز لەو لیستە دێنێ؟

جەلال پەرێشان: ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان یەكێك بم لە كاندیدەكانی پارتی، ئەوە واز لەو لیستە دێنم. دوو ساڵ پێش ئێستا بەڵێنیان پێدام، بەڵام بەڵێنەكەیان نەبردە سەر، من ئەگەر لە لیستی پارتی بوومایە ئەو لیستەم رانەدەگەیاند.

رووداو: پێتوانییە زەرەرت كردووە و 50 ملیۆن دینارەكەت دەڕوات.

جەلال پەرێشان: بە قوربانی تۆ بێت، پارە قەت لەلای من گرفت نەبووە.

رووداو: تۆ زۆر زۆر پارتی بوویت؟

جەلال پەرێشان: من دەروێش بووم. من دەڵێم مەلاییم، بە ژیانم پارتیاتیم نەكردووە، من مەلاییم.

رووداو: ئەی سەربەخۆییەكەت كامەیە؟

جەلال پەرێشان: زۆر مەلایی وەكو من دانیشتوون و بەسەربەخۆیی كاردەكەن. 

رووداو: چی وای لێكردی ئەوها لە پارتی هەڵبگەڕێیتەوە؟

جەلال پەرێشان: هەموو ماڵی بارزانی رێزم لێدەنێن، بارزانی بە من دەڵێت هونەرمەندی پێشمەرگە، ئەگەر لەسەر لیستی پارتی كاندید كرابام، تەنیا لە بارزان 40-50 هەزار دەنگم دەهێنا.

رووداو: كەواتە ماڵی بارزانی لە لیستەكە تۆیان دانەنا؟

جەلال پەرێشان: ئەوان نا، خەڵك هەیە لە خوارەوە، لە لیستەكەی پارتی یەك بارزانی تێدا نییە، ماڵی بارزانی من بە كوڕی خۆیان دادەنێن، گرفتم لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسانی پارتییە لە خوارەوە، بە تایبەتی ئەوانەی راگەیاندنی پارتی بەڕێوەدەبەن. من حەوت ساڵە تەجمید كراوم لە ناو پارتی. رێزم هەیە بۆ برادەران زۆرجار دەیانگوت ئێمە تەجمید كراوین، منیش دەمگوت شاپتڕێن كراوین. من دڵسۆزی پارتی بووم بۆیە وەلانراوم.

رووداو: ئەوەی دڵسۆزی پارتی بێ وەلادەنرێت؟

جەلال پەرێشان: بەڵێ، بە تایبەتیش ئەوەی دڵسۆزی ماڵی بارزانییە.

رووداو: دەڵێن جەلال پەرێشان و حەوت پیشە؟

جەلال پەرێشان: بەڵێ، بەڵام كاك نێچیرڤان جارێكیان گوتبووی ئەوە سفرێكیان بیرچووە تۆ 70 پیشەت هەیە؟

رووداو: باشە یەكێك لە پیشەكانت بانگ دانە، بەڵام دەچیتە مزگەوتێك زۆر دوورە لە ماڵەكەت؟

جەلال پەرێشان: ئەوێ مزگەوتێكی چۆڵە، بانگدەری كەمە، كەس پێتناڵێت بۆچی هاتووی؟

رووداو: لەلای مزگەوتەكەی ماڵی خۆتان كەس پێتدەڵێت بۆچی هاتووی؟

جەلال پەرێشان: جارێكیان بانگم دا دواتر بیستمەوە گوتبوویان ئەو چاوەشە چۆن دەبێت بانگ بدات.

رووداو: پێتوایە خاوەنی تەلەفزیۆنێك بوویتایە باشتر بوو یان بێژەر؟

جەلال پەرێشان: ناوەڵڵا خاوەن تەلەفزیۆن، چونكە پێشتر كە بێژەر بووم هەر دەردەكرام، 11 جار لە راگەیاندنی پارتی دەركراوم؟

رووداو: ئێستا تۆ خەڵك دەردەكەی؟

جەلال پەرێشان: ناوەڵڵا كەس دەرناكەم، چونكە كەسم نییە، بە خۆمەوە 11 كارمەندم هەیە.

رووداو: چەند خزمت لە تەلەفزیۆنەكەت داناوە؟

جەلال پەرێشان: دوو برازام و دوو كوڕی كاك سالار جەلال و ئەوانی دیكەش هەموویان بەخۆبەخش كارم بۆ دەكەن.

رووداو: رێكلام بۆ خۆت دەكەی لە تەلەفزیۆنەكەت؟

جەلال پەرێشان: چاوەڕێی 10 رۆژی كۆتایی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنم 24 كاژێر وێنەی خۆم دادەنێم.

رووداو: ئەی چوار كاندیدەكەی دیكە؟

جەلال پەرێشان: ئەوان لە قسە كردن هێواشن، من زیاتر قسە دەكەم، چونكە من زۆر بڵێم.

رووداو: سالار جەلالیش هێواشە؟

جەلال پەرێشان: بەڵێ، ئەو هەموو جارێك دەڵێت وەڵڵا ئەوە ئیشی ئێمە نییە بۆ ئێمەت هێناوەتە نێو ئەو ئیشە.

رووداو: كەواتە تۆ بە زۆر ئەوانت هێناوە؟

جەلال پەرێشان: من كەمێك سەر بە گێچەڵم، ئەوەندە زوڵمم لێكراوە، بۆیە منیش فێری گێچەڵ پێكردن بوومە.

رووداو: دەگەیتە پەرلەمان؟

جەلال پەرێشان: من دڵنیام كورسییەك دێنین، ئاساییە ئەگەر كورسییەكە پێچكەیەكیشی شكابێت، بەڵام دەیهێنین.

رووداو: مووچەت لە پارتی ماوە؟

جەلال پەرێشان: بەڵێ من كارمەندی تەلەفزیۆنی زاگرۆسم، هەموو مانگێك مووچەكەم بۆ دەنێرن لەگەڵ كارتێكی 10 هەزار دیناری.

رووداو: تۆ دەوام ناكەیت و مووچە وەردەگری؟

جەلال پەرێشان: حەرام نییە لە مەلام پرسی، گوتم مامۆستا من دەمەوێ ئیش بكەم ناهێڵن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە