رووداو - سلێمانی
ئەو دوو رۆژنامەڤانەی کە لەلای ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرن، نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان و سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ لەکاتی سەردانیکردنیان وێنەیان لەگەڵ گرتوون. بەپێی زانیارییەکانی بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو دوو رۆژنامەڤانە لەسەر سکاڵای وەزیری دارایی و هێزەکانی دژەتیرۆر دەستگیرکراون.
بەدریە ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "یەکێک لە گیراوەکان بارودۆخی تەندروستیی باش نەبوو، لەبەر ئەوەی نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، ماددەکەیان قورس نەبێت بە زوویی ئازاد دەکرێن گەر دادوەر بیانبینێت، چونکە کێشەکەیان دەبێت بە یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
سەرتیپ قەشقەیی، سەرنووسەر و ئیبراهیم عەلی بەڕێوەبەری نووسینی بوار نیوز، کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لەنێوان قەزای دووکان و کۆیە لەلایەن دژەتیرۆرەوە دەستگیرکراون، ئەوانەی سەردانیان کردوون نازانن ئەو ماددە یاساییەی ئەوانی پێ دەستگیرکراوە چییە و، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش دادوەر گوتەی لێوەرنەگرتوون.
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان ئاماژە بەوە دەکات، "پرسیارمان کرد کە بە چی ماددەیەک دەستگیرکراون؟ گوتیان: لەبەر ئەوەی هێشتا دادوەر نەیبینیون، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکراوە. تەنیا دەتوانن خۆیان ببینین و تەواو. کێشەکەیان مەدەنییە لەبەر ئەوەی سکاڵاکان لەلایەن وەزیری دارایی و دژەتیرۆر بە شەخسی تۆمار کراوە."
دیار محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، "ئەوەی پرسیارە بۆ هەموومان و بابەتەکەی ئاڵۆز کردووە، ئەوەیە بۆچی پۆلیس ئەم کەسانەی دەستگیر نەکردووە لە کاتێکدا ئەوان پرسیاریان کردووە پێشتریش، بزانن سکاڵایان لەسەرە یان نا."
بە گوتەی سەنتەری میترۆ و سەندیکای رۆژنامەنووسان، دەستگیرکردنی دوو رۆژنامەڤانەکە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت بووە و لایەنێکی سکاڵاکار دەستگیریکردوون، دەزگای میدیایی بوار ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەمە دوو بەڕێوەبەرەکەیان لە ژووری تاکەکەسیی دەزگای دژەتیرۆر دەستبەسەر بوون.


