پڕۆژەی رووناکی و پشتێنەی سەوزایی دەبردرێنە کۆنفرانسی کۆپ 30

10-11-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
دوو وێنە لە پڕۆژەی رووناکی و پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر
دوو وێنە لە پڕۆژەی رووناکی و پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی کۆپ 30 لە بەرازیل بەشداری دەکەن و لەوێ پڕۆژەی رووناکی و پشتێنەی سەوزایی وەک دوو پڕۆژەی ژینگەیی و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پیشان دەدەن و هەوڵی دەستەبەرکردنی هاوکاریی داراییش دەدەن.
 
سییەمین کۆنفرانسی کەشوهەوای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە کۆپ 30 ئەمرۆ لە شاری بێلێم لە بەرازیل دەستپێدەکات و تاوەکو 21ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
 
شاندی 190 وڵاتی جیهان لە کۆپ 30 بەشدارن و 100 وڵات پێداگری لەوە دەکەن کە ئامانجی نوێ بۆ کۆنفرانسەکە دەستنیشان بکرێ.
 
بریارە لە 12 رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا چەندین بابەتی گرنگ تاوتوێ بکرێن، وەک قۆناخی راگوزەری وزە بەرەو ئاراستەی وزە نوێیەکان، بووژانەوەی داراستان و باشترکردنی دۆخی زەریاکان، گۆڕینی سیستمی دابینکردنی خۆراک و شێوازی کشتوکاڵ.
 
هەڤاڵ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی گۆڕانی کەشوهەوا لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی، جیاوازیی کۆنفرانسەکەی ئەم ساڵ ئەوەیە کە هەموو وڵاتانی بەشدار بەڵگەنامەی پڕۆژە و کارەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پێشكێش دەکەن.
 
هەڤاڵ ئەحمەد دەڵێت: "ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان بەشێکین لەم پڕۆژەیە، بۆیە بەشداریکردنمان زۆر گرنگە" و دەبێ پیشان بدرێت کە چیمان کردووە بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، لە بەڵگەنامەکەدا پیشان دەدرێت کە هەرێمی کوردستان تاوەکو چ رادەیەک رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوای کردووەتە کاری لەپێشینە و چ پێویستییەکی هەیە لەم بابەتە، لەوانەش پێویستیی دارایی.
 
وەک هەڤاڵ ئەحمەد دەڵێت: "لە کۆپ 30 ئامانج ئەوەیە نەخشەڕێگەیەکی راشکاو و کرداری دابنرێ بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرما بە بڕی 1.5 پلە". 
 
هەڤاڵ ئەحمەد گوتی، کۆنفرانسەکە سەرنجێکی زۆری لەسەر پابەندیی وڵاتانە بۆ ئەم ئامانجە. ئامانجێکی دیکەش، پارەدارکردنی ئەو 300 ملیار دۆلارەیە بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کە پار لە کۆنفرانسی کۆپ 29 بڕیاری لێدرابوو.
 
پێشتر ئەو بڕە 100 ملیار دۆلار بوو، بەڵام پار بڕیاری زیادکردنی درا. بە گوتەی هەڤاڵ ئەحمەد، ئەستەمە ئەم ساڵ بڕیار لەسەر زیادکردنی ئەم بڕە بدرێ، بەڵام سەرجەم وڵاتان بەڵێنیان داوە هەوڵ بۆ دابینکردنی ئەو پارەیە بدەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕانی کەشوهەوا گوتیشی، پێش چەند رۆژێک بەڵگەنامەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کۆنفرانسەکە لە بەغدا پەسندکرا، ئەوەش دوای نزیکەی ساڵێک لە هاوئاهەنگیی هەردوولا.
 
گوتیشی، هەرێمی کوردستان لەم بەڵگەنامەیە کارە لەپێشینەکانی دیاریکردووە و ئەوەشی داناوە کە پێویستی بە چەند پارەیە و لە کۆنفرانسەکە هەوڵی جیدی دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی پارەی پێویست و داوای میکانیزمی گونجاو دەکەن.
 
هەڤاڵ ئەحمەد دەڵێ، بڕیارە وەکو هەرێمی کوردستان 13ـی ئەم مانگە بەرەو بەرازیل بەرێبکەون بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی کۆپ 29. رۆژی 14ـی مانگیش بەشداری دەکەن و بەڵگەنامەکان دەخەنەڕوو.
 
قسەکانی هەڤاڵ ئەحمەد ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی "ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح".
 
"باسی پڕۆژەی رووناکی و پشتێنەی سەوزایی دەکەین"
 
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، بەشێک لە بەڵگەنامەکان تایبەتە بە "چیرۆکە سەرکەوتووەکان" و تێیدا باس لەو پڕۆژانە دەکەن کە هەرێمی کوردستان کردوویەتی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان.
 
وەک هەڤاڵ ئەحمەد گوتی، پڕۆژەی رووناکی یەکێک دەبێت لەو پڕۆژانەی کە وەک چیرۆکێکی سەرکەوتوو لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پیشانی دەدەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕانی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە 3.7 ملیۆن تۆن دووانۆکسیدی کاربۆن کەمبووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ژینگە داناوە. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە و کارەبای 24 کاژێری بۆ تەواوی ناوچەکان دابینبکات.
 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی "رووناکی" راگەیاند. لە مانگی ئایاریش ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسندکردنی پرۆژەکەی دا.
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت، پشتێنەی سەوزایی یەکێکی دیکە دەبێت لەو پڕۆژانەی وەک چیرۆکێکی سەرکەوتن لە کۆنفرانسی کۆپ 30 باسی دەکەن؛ گوتیشی، پڕۆژەکە چارەسەرێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
رۆژی پێنجشەممە 30-10-2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەست بە چاندنی دار لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر کرا.
 
پڕۆژەکە بە پانیی دوو کیلۆمەتر و درێژیی 92 کیلۆمەتر بە داری زەیتوون و فستق سەوز دەکرێ، کە بڕیارە بە 8 قۆناخ جێبەجێ بکرێت.
 
لەو رووبەرەدا ملیۆنان دار دەچێندرێن. زەیتوون و فستق دوو لەو دارانەن کە ئاودێریی زۆریان ناوێ، بۆ ئەم قۆناخە لە رێگەی ئاوی ژێرزەوییەوە ئاودەدرێن و دواتر 10 گۆماو و بەکارهێنانەوەی ئاوی قورس سەرچاوەی ئاودێرییان دەبێت.
 
"رەزامەندیی پێنج پڕۆژەی سەوز" 
 
هەڤاڵ ئەحمەد گوتیشی، لەگەڵ سندووقی کەشوهەوای سەوز هاوئاهەنگییان هەیە و ئەو سندووقە رەزامەندیی داوە بۆ پارەدارکردنی 15 پڕۆژە لە عێراق کە پێنجیان لە هەرێمی کوردستانن.
 
ئەو پڕۆژانەی لە هەرێمی کوردستانن و رەزامەندیی دراوە بۆ پارەدارکردنیان لە لایەن سندووقەوە، بریتین لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە پاشماوە، دروستکردنی ناوچەی سرووشتیی پارێزراو، دانانی پانێڵی هەتاوی بۆ دابینکردنی 40 مێگاوات کارەبا، پرۆگرامی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و دروستکردنی پێنج گۆمی دەستکرد.
 
سندووقی کەشوهەوای سەوز گەورەترین سندووقی دامەزراوەی جیهانە بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکانی دژی گۆڕانی کەشوهەوا و سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئامانج لێی هاوکاریکردنی وڵاتانی تازەپێگەیشتووە لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.