بڕیارە ئەمڕۆ پسووڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنی کارابکرێتەوە؛ چەند رۆژ بەردەوام دەبێت؟

10-11-2025
رێبوار عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق هەلێکی بێ بەرامبەر بۆ 10 رۆژ دەداتە ئەو خێزانانەی تاوەکو ئێستا بە هەر هۆکارێک خۆیان لە پسووڵەی ئەلیکترۆنیی خۆراک تۆمارنەکردووە و دەرفەتەکەش ئەوەیە لە ئەمڕۆوە ئەپلیکەیشنەکە کارا دەبێت و دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تاوەکو 20-11-2025 ئەپلیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە تەنیا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئەوەی لە دەرەوە وڵات بوون یان دوورە دەست و بێ هێڵی ئینتەرنێت بوون یان بەهۆی نەشارەزاییان نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن."
 
بەگوتەی نەوزاد شێخ کامیل، دوای تەواوبوونی ئەو قۆنا‌خە، دەست بە قۆناخی دووەم دەکرێ.
 
لە قۆناخی دووەمدا چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە بەردەست دەبن، لەوانە خزمەتگوزاریی مامەڵەی هاووڵاتییان تایبەت بە تۆماركردنی ناوی منداڵ، سڕینەوەی ناوی مردوو و گواستنەوەی پسووڵە لە بریكارێکەوە بۆ بریكارێکی دیکە یان لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە یان لە شارێک بۆ شارێکی دیکە، هەروەها تۆماركردنی ئەو كەسانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و پسووڵەی خۆراكیان نییە.
 
نرخی تۆمارکردن یان سڕینەوەی ناوی ئەندامانی خێزان 2 بۆ 3 هەزار دینار دەبێت، بۆ ئەوەش تەنیا کارتی نیشتمانیی منداڵی تازە لەدایکبوو یان بەڵگەنامەی مردنی مردووەکە هەیە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا 87%ی هاونیشتمانییان خۆیان لە پسووڵەی ئەلیکترۆنیی خۆراک تۆمارکردووە. بەگشتی 5 ملیۆن و 380 هەزار خێزان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەهۆی کاراکردنی ئەپلیکەیشنی پسووڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنییەوە نزیکەی 699 هەزار و 400 خێزان ماوەی دوو مانگە بەشە خۆراکی مانگانەیان بڕدراوە. ئەگەر ئەو خێزانانە لەو 10رۆژەدا خۆیان تۆمار بکەن، ئەوا لە مانگی داهاتووەوە بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن، بەڵام بەشە خۆراکی ئەو مانگانەیان بۆ ناگەڕێندرێتەوە کە بڕدراوە".
 
لەبارەی بەشە خۆراکی مانگانەوە نەوزاد شێخ کامیل رایگەیاند: "ئێستا سەرقاڵی دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگی حەوتین کە پێکهاتووە لە 3 کیلۆ ئارد، 1 کیلۆ شەکر، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، یەک لیتر رۆنی شل، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ ئاری نۆک، هاوکات بەشە ئاردی مانگی نۆش دابەش دەکرێ کە بۆ هەر خێزانێک 9 کیلۆئاردە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە