رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە سبەی لاهوور شێخ جەنگی لە دادگای سلێمانی ئامادەبێت، سەرچاوەیەکیش لە دادگاوە دەڵێت: "دادوەر بڕیار لەسەر ماددە یاساییەکان دەدات."
سەرچاوەیەکی تایبەت لە نێو دادگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاتی دادگاییکردنەکە بۆ کاژێر 10:00ی پێشنیوەڕۆی سبەی دیاریکراوە.
سەبارەت بەو ماددە یاساییانەی لاهوور شێخ جەنگی پێ دادگایی دەکرێت، سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون هەمان ئەو تۆمەتانەن کە سەرەتا پێی دەستگیرکراوە، کە بریتین لە کوشتنی بە ئەنقەست و پیلاندانان بۆ کاری تێکدەرانە."
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، سبەی لە کاتی دانیشتنەکەدا دادوەری دادگاکە بڕیاری یەکلاکرەوە دەدات لەوەی کە ئایا هەر بەو دوو تۆمەتە دادگایی دەکرێت، یان ماددە یاساییەکانی بۆ دەگۆڕدرێت.
لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی دۆسیەکەش بۆ دادگای هەولێر یان شارێکی دیکە، سەرچاوەکەی نێو دادگای سلێمانی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و بە رووداوی گوت، "شتێکی وا لە ئارادا نییە و روونادات، چونکە سکاڵاکە لە سلێمانی تۆمارکراوە و هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە."
شەوی 22ی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازینەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزی چەکداری لاهوور شێخ جەنگی، کە بەناوی "هێزی دووپشک" بوو، دەستگیرکران.
دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم - سلێمانی دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە و گوتیان، بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان هەبووە و کاریان لەسەر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ