رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2026 لە رێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. بەپێی نوێترین ئاماری پڕۆژەی (هەژماری من)، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رێگەی پڕۆژەکەیانەوە مووچە وەردەگرن، گەیشتووەتە 'بەرزترین ئاست.'
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) کە ئەمڕۆ چوارشەممە 11-02-2026 بڵاویکردەوە، مووچەی مانگی 1ی فەرمانبەران لە رێگەی هەژماری بانکییەوە لە رۆژانی 11، 12 و 14ی شوبات دەخرێتە سەر هەژماری بەشداربووان.
لە ئامارەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) دا هاتووە، 680,100 کەس ئەم مانگە مووچە لە رێگەی (هەژماری من)ەوە وەردەگرن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 900,000 فەرمانبەر لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون و 712,000 کارتیش دابەشکراون.
لە رووی دابەشبوونی جوگرافییەوە، پارێزگای هەولێر بە 336,228 مووچەخۆر لە پلەی یەکەمدایە، دوای ئەویش سلێمانی بە 172,119 کەس و دهۆک بە 171,784 کەس.
سوودمەندانی مووچەی ئەم مانگەی پڕۆژەکە بەم شێوەیە دابەشبوون:
- فەرمانبەرانی مەدەنی: 343,000 کەس.
- پێشمەرگە و ئاسایش: 208,000 کەس.
- خانەنشینان: 115,000 کەس.
- خێزانی شەهیدان: 14,000 کەس.
فراوانکردنی تۆڕی ATM
بۆ ئاسانکاریی مووچەخۆران لە راکێشانی پارەکانیان، پڕۆژەی (هەژماری من) رایگەیاندووە کە ئێستا 542 ئامێری ATM لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاوازی هەرێمی کوردستان جێگیرکراون و فەرمانبەران دەتوانن لەو شوێنانە پارەکە وەربگرن.
دوێنێ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026 خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ