رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رێگەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە، نووسراوێک دەداتە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران تێیدا داوا کراوە مووچەی مانگی ئاداری هەرێمی کوردستان پێش جەژن بدرێت.
ئەو نووسراوە لە 10ی ئاداری 2026 رادەستی محەممەد شیاع سوودانی کراوە، کاتێک لە بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو داواکارییە لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە بۆ هەرێمی کوردستان هەردوو جەژنی نەورۆز و رەمەزان لەپێشن، داوامان کردووە کە مووچەی مانگی ئادار بنێردرێت."
بۆ ئەم ساڵ هەردوو جەژنى نەورۆز و رەمەزان لە هەرێمى کوردستان پێکەوە دەبن، کە دەکەونە هەفتەى داهاتوو.
نووسراوەکە بە ناوی فەرهاد ئەتروشى، وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، رادەستی سوودانی کراوە و تێیدا داوا کراوە، رەزامەندی بدات بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان پێش هەردوو جەژنی رەمەزان و نەورۆز، بە شێوەیەک کە باری شانی هاووڵاتییان سووک بکرێت و پێداویستیی ئەو دوو بۆنەیە دابین بکەن.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "لە کاتی گفتوگۆی پەرلەمانتاران لەگەڵ سەرۆکوەزیران، داوامان کرد ئەگەر حکومەتی فیدراڵی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی دابەش کرد، هاوکات مووچەی هەرێمی کوردستانیش بدرێت؛ ئەویش بەڵێنی دا ئەگەر پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە هەبوو، کاری لەسەر بکات."
وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 7.4 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە 900 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستانە.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2024-2025-2026، پشکی 12.67%ی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی راستەقینەی عێراق دەدرێت، ئەوەش جێگەی رەخنەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەوپێیەی پشکی بودجەکەی کەم دەکاتەوە.
دانەر عەبدولغەفار رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیگوتوون ئەو بابەتەی پەیوەندیدارە بە خەرجیی راستەقینە، لە یاسای بودجەی ساڵی 2024 عێراقدا چارەسەر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ