رووداو - کەلار
لە رێگای نێوان سلێمانی - کەلار و نزیک ناحیەی پێباز دوو ئۆتۆمبێل "بەهۆی تیژڕەوییەوە" تووشی پێکدادان دەبن و کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار دەبن.
نەقیب کارزان مەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی هاتووچۆی گەرمیان بە (رووداو)ی راگەیاند، رۆژی دووشەممە 11-4-2016 لە رێگای نێوان سلێمانی- کەلار دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری( نیسان پیکاب) و ( نیسان پەترۆڵ) بەریەک كەوتوون و لەئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون".
گوتیشی "بەهۆی سەختی برینەکانیان، بریندارەكان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی هاتووچۆی گەرمیان هۆکاری رووداوەکەی بۆ "تیژڕەوی شۆفێری پیکابەکە گەڕاندەوە و و گوتی"شۆفێری ئۆتۆمبێلە پیکابەکە دانی بەوەداناوە کە بەهۆی تیژڕەوی زۆر کۆنترۆڵی لەدەستداوە و لە ئەنجامدا خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی بەرامبەر".
کارزان مەجید ئاماژەی بەوەشدا "ئۆتۆمبێلی نیسان پیکابەكە، پێنج کەسی تێدا بووە و بەمەبەستی ئاهەنگی دەرچوونی كوڕەكەیان لە زانكۆ لە سلێمانییەوە بۆ کەلار رۆیشتوون، بەڵام ئاهەنگەکەیان لێ بووە بە شین".
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلەكەی دیكە، کارزان مەجید رایگەیاند، چوار کەسی تێدابووە و سەرجەمیان بریندارن.




کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ