رووداو - ئاژانسەکان
دامەزراوەی ئەزهەر رێز لە زانای بلیمەت و بیرمەندی گەورەی کورد مستەفا زەڵمی دەنێت وزەڵميش رێزەکە وەک رێزی گەلێک ئەژمار دەکات.
بە ئامادەبوونی پێشەوای گەورە ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر، رابیتەی جیهانی دەرچوانی ئەزهەر ئەمرۆ شەممە ١١/٥/٢٠١٣ لە قاهیرەی پایتەختی میسر مەراسیمێکی رێزلێنانی بۆ زانای بلیمەت و بیرمەندی گەورەی کورد مستەفا زەڵمی رێکخست.
لە ووتەکەیدا دکتۆر ئەحمەد تەیب رایگەیاند "هەلێکی باشە ئەزهەر رێز لە زانایەکی رێزدار بگرێت کە لە ئەزهەرەوە پێگەیشتووە و لەسەر دەستی مامۆستاکانی وانەی خوێندووە و بروانامەی بەرزی بەدەست هێناوە".
ئاماژەشی بەوەدا ئەزهەر دەرگای کراوەیە بۆ هەماهەنگی زانستی و رۆشنبیری لەنێوان ئەزهەرو هەرێمی کوردستان.
دکتۆر زەڵمی دڵخۆشی خۆی دەربری بەو رێزلێنانەو گوتی"من لە ئەزهەر قوتابی بووم و لەسەر دەستی زاناکانی فێربووم، ئەو رێزلێنانە تەنها بۆ من نییە بەڵکو بۆ سەرجەم زانایانی کوردستانە بەگشتی"، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە هیچ گوندێکی کوردستان نیە لەسەر میتۆدی میانڕەوی ئەزهەر نەڕوات و پەیڕەوی نەکات.
لەو مەراسیمەدا شێخی ئەزهەر ئامادەیی دامەزراوەکەی نیشاندا بۆ زیادکردنی کورسی خوێندن بۆ قوتابیانی عێراق و کردنەوەی پەیمانگاکانی ئەزهەر لەو ولاتەدا لەسەر ئەرکی ئەزهەر خۆی.
_دكتۆر مستەفا زەڵمی ساڵی 1924 لە گوندی زەڵمی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان لە دایك بووە.
- ساڵی 1934 چووەتە قوتابخانەی ئایینیو ، لەسەر دەستی مامۆستایانی پسپۆڕو شارەزا لە زانایانی ئایینی عێراقو ئێران زانستەكانی: (نەحو، سەرف، مونازەرە، مەنتیق، بەلاغە، ئوسولی دین، ئوسولی فیقه، فەلسەفە، بیركاری، فەلەكناسی) خوێندووە.
- ساڵی 1946 بڕوانامەی (عالیمی) لە زانستە ئیسلامییەكان وەدەستهێناوە لە ئەنجوومەنی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف.
- ساڵی 1965 بەكالۆریۆسی وەدەستهێناوە لە یاسا لە زانكۆی بەغداد.
ساڵی 1968 ماستەری لە شەریعە وەدەستهێناوە لە زانكۆی بەغداد.
- ساڵی 1971 ماستەری وەرگرتووە لە لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر.
-ساڵی 1973 ماستەری لە یاسا هێناوەتەوە لە زانكۆی ئەزهەر.
- ساڵی 1975 دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری هێناوەتەوە.
- ساڵی 2004 دكتۆرای لە یاسا هێناوەتەوە لە زانكۆی بەغدا.
- زیاتر لە پەنجا پەڕتووكی داندراوی هەیە لە بوارەكانی شەریعەو یاساو، زیاتر لە چل توێژینەوەی زانستی هەیە لە بوارەكانی یاساو فەلسەفەو فیقه.
-سەرپەرشتیكردنی زیاتر لە 100 نامەو تێزی دكتۆراو ماستەر لە بوارەكانی ئوسولی فیقهو فەلسەفەو یاساو شەریعە.
-بەشداری ژمارەیەك زۆر كۆنگرەی كردووە لە ناوەوەو دەرەوەی عێراق.
- دکتۆر زەلمی بەردەوامە لە خزمەتکردن لەبواری نووسینداو لێپرسراوی دەستەی زانستی کۆڕبەندی هزری ئیسلامی کوردستانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ