گالەری

 
رووداو - بارزان

یادگەی نیشتمانیی بارزانی رۆژی پێنجشەممە 11-05-2023 بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیران و میوانداریی دەیان شاندی باڵای نێوخۆیی و بیانی کرایەوە.
 
رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەکە کاژێر 10:00ی ئەمڕۆ بە پێشوازی لە میوانەکان دەستیپێکرد، لەنێویاندا لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی عێراقی و نوێنەری وڵاتان.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ی ئەم مانگە بکرێت، بۆئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ''چارەنووسی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە بەستراوەتەوە و لە یەکدی جیانابنەوە، نە عێراق بەبێ هاوکاری و هاوئاهەنگیی هەرێمی کوردستان ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت، نە هەرێمی کوردستانیش بەبێ حکومەتی فیدراڵی سەقامگیریی ئابووری دەبێت."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا لە بارزان بەشداریی کرد و ئەوەی خستەڕوو، "کوردستان قوربانییەکی زۆری بۆ ئازادی داوە... کاتێک بزووتنەوەی کوردی پەرەی سەند، رووبەڕووی تاوانەکانی سەدام بووەوە."
 
سوودانی، سەبارەت بە مستەفا بارزانی باسی لەوە کرد، "مستەفا بارزانی خەباتی لە بەرامبەر ستەمکاران کردووە و گەلی کورد لەم سنوورەدا (بارزان) خەباتیان کردووە و قوربانییان داوە."