رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی عێراق دەکات و دەستخۆشییان لێدەکات، دەشڵێت، "چیدیکە غەدر لە سلێمانی و هیچ شارێکی کوردستان ناکرێت."
لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی عێراق هاتووە، "بەبۆنەی پەسندکردنی پێشنیازەکانی یەکێتیی لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 و دەنگدان لەسەر پێدانی ئەولەویەت بە مووچە و گوزەرانی پارێزگاکانی هەرێم[ی کوردستان]، پیرۆزبایی گەرم و دەستخۆشیتان لێ دەکەین."
هەروەها مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەماهەنگی و پێداگریی ئازایانەی ئێوە لە گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بووەتە مایەی دڵنیایی بۆ جەماوەری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین و لە بەرژەوەندی تەواوی کوردستانیشە کە چیدیکە غەدر لە سلێمانی و هیچ شارێکی کوردستان ناکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک نابێتە کەرەستەی ململانێی ناڕەوا."
شەوی رابردوو سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی فراکسیۆنەکە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانییان لەبارەی تێپەڕاندنی بڕگەی 8ی مادەی 14 لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کرد و رایگەیاند، یەکێتی بەو هەوڵەی دژی تەواوی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان وەستایەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پێیوایە کە تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیە لە لایەن یەکێتی و بە هاوکاریی لایەنەکانی دیکەی شیعە، دژی دەستوورە و هەوڵێکە بۆ جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان. پێشیوایە کە "ئەو بیرۆکەیەی ئەوان هەیان بوو، ئاوا سەرنەکەوت."
ئەو بڕگەیەی کە لە مادەی 14دا بە دڵی یەکێتی پەسند کرا و پارتی لێی ناڕازییە، دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، لەنێویاندا "تەمویلکردن" واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ