رووداو-هەولێر
کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا سەرپەرشتیی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی باشووری کوردستانی دەکرد، بەتەواوەتی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کوردستانەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئینگلیزیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کە تۆڕی میدیایی رووداو کۆپییەکی دەستکەوتووە و کردوویەتی بە کوردی، هێزەکانی پاراستنی نەوت-ی سەربە حکومەتی کوردستان ئەمڕۆ سەرلەبەیانی بەتەواوەتی کێڵگە نەوتییەکانی بای حەسەن و ناوچەی مەخمووریان کۆنترۆڵکردووە. هەروەها کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی کەرکووکیان ئاگادارکردووەتەوە کە لە سبەینێوە راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتیی حکومەتی کوردستاندان و "ئەوەی بەو بڕیارەش رازی نییە دەتوانێت بڕوات".
وەزارەتی نەوتی عێراقیش لە کاردانەوەیەکدا داوای لەوانە کرد، کە بە "کوردە عاقڵەکان" نێوزەیدیکردوون، کە وابکەن هێزی پێشمەرگە لەو کێڵگانە بکشێتەوە، ئەگەرنا، وەک لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، پێشمەرگە بەرپرسیار دەبێت لە دەرهاویشتەکانی نەکشانەوەی.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاشکرایدەکات کە ئەو بڕیارەیان دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو هەواڵی ئەوەیان بەدەستگەیشت کە وەزارەتی نەوتی عێراق فەرمانی بە هەندێک بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کردووە کێشەسازی بکەن و نەهێڵن هێڵی گواستنەوەی نەوتی ناوچە تازە کۆنترۆڵکراوەکان بە هێڵەکانی هەرێمی کوردستانەوە ببەسترێنەوە.
ئەو وەزارەتە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە مانگی سێی ئەمساڵەوە هەناردەکردنی نەوت لەو کێڵگانەدا راوەستاوە، بەڵام هەرواش رۆژانە سەد و دە هەزار بەرمیل نەوت لەو کێڵگانە دەرهێندراوە و غازەکەی لێ جیاکراوەتەوە بۆئەوەی پێداویستیی بازاڕی نێوخۆیی دابین بکات. بەشەکەی دیکەشی، بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، سەرلەنوێ رژێندراوەتەوە ناو کێڵگەیەک لە دەوروبەری کەرکووک و رێگەی لێگیراوە کە لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە نەوتەکە بەخەسار بچێت و چیدیکە نەکرێ سوودی لێ ببیندرێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئامادەیی خۆیشی پیشانداوە سەرلەنوێ لەگەڵ بەغدا بکەوێتە هاریکاری، بەمەرجێک لەسەر بنەمای دەستوور بێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ سەرلەبەیانی، ئەندامانی هێزەکانی پاراستنی نەوت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک جووڵەیان پێکرا بۆئەوەی تەناهی بۆ کێڵگەکانی بای حەسەن و ناوچەی مەخموور دابین بکەن، ئەویش دوای ئەوەی زانییان کە وەزارەتی نەوت لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا فەرمانیداوە بە راگرتنی هێڵی بەیەکەوەبەستنەوەی کێڵگەکانی ناوچەکانی ئاڤانا و خورمەڵە. ئەم بەیەکەوەبەستنەوەیەش بە رێککەوتنی دوولایەنە بووە.
ئێستا کێڵگەکانی نزیک بای حەسەن و کێڵگەکانی دەوروبەری ناوچەی مەخموور بە سەلامەتی لەژێر سەرپەرشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان. چاوەڕوان دەکەین بەرهەمهێنان لەو کێڵگانەدا بەشێوەی ئاسایی بەردەوام بێت. ئەو ستافەی لەماوەی رابردوودا لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کاریانکردووە ئاگادارکراونەتەوە کە لە سبەینێوە لەژێر سەرپەرشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. ئەوانەی ناشیانەوێ بەم بڕیارەوە پابەندبن، دەتوانن بڕۆن.
ئەو هێڵی گواستنەوەی نەوتەی خورمەڵە بە ئاڤاناوە دەبەستێتەوە بۆئەوە دیزاین کرابوو و دامەزرابوو کە ئامانجی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی ناوچەکانی مەخموور، ئاڤانا و کەرکووک بێت لەڕێگەی تۆڕی گواستنەوەی نەوتەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەویش بۆئەوەی داهاتی نەوت بۆ عێراقییەکان زیادبکات. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو داهاتە زۆر پێویستە. لەکاتێکیشدایە کە زۆربەی بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە.
ئەو پڕۆژەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دامەزرا و پارەی بۆ درا، بەهاوکاریی تەواوی بەرپرسان و کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکوور. هەرواش، حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیویەتی کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەندێک بەرپرس لە وەزارەتی نەوت لە بەغدا فەرمانیان بە هەندێک لە ئەندامانی ژووری عەمەلیاتی پرۆژەکە کردووە کە هاریکاریکردنی خۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رابگرن و کارەکانی هێڵە نوێکەی گواستنەوە رابگرن.
کێڵگەکانی ئاڤانا و مەخموور لە مانگی سێی ئەمساڵەوە ناتوانن نەوت هەناردەبکەن، چونکە هێڵە سەرەکییەکەی گواستنەوەی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە زیانی پێکەوتبوو. ئەو هێڵە سەرەکییە زۆرتر دەکەوێتە ئەو ناوچانەی بەمدواییانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە تەسلیمی داعش کرانن.
سەرەڕای ئەوەی هەناردەکردنی نەوت راوەستابوو و پاڵاوتنیشی لە بێجی نەمابوو، کەچی کێڵگەکانی ئاڤانا و مەخموور رۆژانە سەد و دە هەزار بەرمیل نەوتیان دەردەهێنا و غازەکەی لە کارگەی غازی کەرکووک سوودی لێوەردەگیرا.
بەڵام لەجیاتی ئەوەی کە هێڵە نوێکانی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوتی دەرهێندراو بەکاربهێندرێت، بەرپرسانی ژووری عەمەلیاتی پرۆژەکە لە بەغداوە فەرمانیان بۆ هاتبوو کە سەرلەنوێ نەوتەکە بڕێژنەوە ناو کێڵگەیەکی بچووک و بەکارنەهاتوو لە کەرکووک. ئەم بڕیارە، کە پاڵنەری سیاسیی هەبوو، ریسکی ئەوەی دروستکردبوو کە زیانێکی گەورە لە کێڵگەکە بدات، ئەویش بەوەی کە نەوتەکە بەیەکجاری لەدەستبچێت بەهۆی سەرلەنوێ رشتنەوەی. هەروەها وایدەکرد خەڵکی عێراقیش بێبەش بن لەو داهاتی نەوتەی رۆژ بە رۆژ زۆرتر پێویستیان پێی دەبێت.
لەمڕۆ بەدواوە، بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانەی تازە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپلەی یەکەم بەکاردێن بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕیی بەرهەمە پاڵێوراوەکان لە بازاڕی نێوخۆییدا. ئەمە باری سەرشانی هاونیشتمانیی ئاسایی سووکتر دەکات، کە ئەو قورساییە بەهۆی شکستی کاربەدەستانی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە لە پاراستنی ژێرخانی حەیاتیی نەوتیی ئەم وڵاتەوە دروستبووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای بەشی دەستووریی خۆیشی دەکات لە داهاتی نەوتی ئەو کێڵگانە، ئەویش بۆ کەمکردنەوەی ئەو گوشارە گەورە داراییەی بەهۆی بەشێوەی نایاسایی راگرتنی لەسەدا حەڤدەی بودجەی عێراق کە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە و بەغدا بڕیویەتی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە دەرگای کراوە بووە و دەمێنێت بۆ هاریکاریکردن و پێکەوەبەڕێوەبردن لەگەڵ بەغدا، ئەویش لەسەر بنەمای ماف و ئەرکەکانی هەرێمەکان، کە لە دەستووردا دیاریکراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستاش هیوادارە بەغدا واز لە سیاسەتی سزادانی سیاسی و گەمارۆی ئابووری لەدژی خەڵكی کوردستان بهێنێت.
رووداوەکانی ئەمڕۆ سەرلەبەیانی پیشانیاندا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشانیاندا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان شێلگیرە لەسەر پاراستن و داکۆکیکردن لە ژێرخانی نەوتی عێراق ئەگەر هات و تووشی هەڕەشە بوو لەلایەن تیرۆریستانەوە یانیش، وەک لەم کەیسەدا روویدا، تووشی هەڕەشەی لەمپەرسازیی سیاسی بووەوە.
11/7/2015
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ